سەرۆکی جەهەپە: سووکایەتیکردن بە لەیلا زانا قبوڵ ناکەین

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی جەهەپە لەبارەی ئەو سووکایەتییەی بە لەیلا زانا کرا رایگەیاند، ئەمە لەگەڵ باوەڕ و کولتووری ئەواندا ناگونجێت و هەرگیز قبووڵی ناکەن.   
 
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەندامانی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی کە ئەمڕۆ دووشەممە 22-12-2025 بەڕێوەچوو، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا بۆ یەکەمجار هەڵوێستی خۆی لەبارەی ئەو سووکایەتییە نیشاندا، کە دژی لەیلا زانا، سیاسەتڤانی کورد کرا.
 
ئۆزەل گوتی: "تێگەیشتنێکی وەها لەم خاکە ناوەشێتەوە کە ژنێک یان دایکێک بکاتە ئامانج.  هەرگیز شتێکی لەمجۆرە لە ئەنادۆڵ قبووڵ ناکەین. ئەمە لەگەڵ باوەڕ و کولتووریشمان ناگونجێ. بەتایبەتی تێگەیشتنێک کە پێشهاتە سیاسییەکان لە دژی سیاسەتڤانێک بەمجۆرە بەکاربهێنێت و یاریگە بۆ ئەو مەبەستە بەکاربهێنێت، هیچ یەکێکمان پێشوازیی لێ ناکەین".
 
رۆژی 16-12-2025 گرووپێک لە هاندەرانی یانەی بورسەسپۆر دروشمی رەگەزپەرستانە و سووکایەتیئامێزیان لە دژی لەیلا زانا گوتەوە. ئەمە کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.