ئەردۆغان و کابینەی وەزیران لەسەر چوار دۆسیە کۆدەبنەوە


رووداو دیجیتاڵ

کابینەی وەزیرانی تورکیا بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە و دۆسیەکانی پرۆسەی چارەسەری، گرژیی تاران-واشنتن، خانەنشینان و ئابووریی تورکیا تاوتوێ دەکەن.

کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ دووشەممە 23-2-2026 دەکرێت. لە چوارچێوەی سیاسەتی ئەمنیی تورکیا کە لە هەموو کۆبوونەوەیەکی کابینەدا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، هەڵسەنگاندن بۆ پرۆسەی چارەسەریش دەکرێت.
 
راپۆرتی گشتگیری "کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" کە لەژێر چەتری پەرلەمان کار دەکات، لەلایەن ئەندامانی کابینەوە هەڵدەسەنگێندرێت. لەژێر رۆشنایی ئەم راپۆرتەدا، هێڵە گشتییەکانی ئەو گورزە (پاکێج) دادوەرییە دیاری دەکرێت کە بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا پێشکێشی پەرلەمان بکرێت. بەتایبەتی گۆڕانکاریی ریشەیی لە یاسای سزادانی تورکیا و یاسای (بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر) تاوتوێ دەکرێن.
 
گرژییەکانی ئەمریکا و ئێران
 
تەوەری سەرەکیی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتنە کە ناوبەناو بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بەرەو هەڵچوونی زیاتر دەچێت.
 
هەڕەشەکانی ئەمریکا و ئەگەری دەستوەردانی سەربازی لە دژی ئێران، پەرەسەندنی گرژییەکان بە وردی باس دەکرێن. هەروەها هەڵسەنگاندن بۆ دەرەنجامی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی تورکیا لەگەڵ هەریەکە لە واشنتن و تاران دەکرێن.
 
جگە لەوەش، ئەو کارەساتە مرۆییەی لە کەرتی غەززە هەیە، یەکێکی دیکە دەبێت لە بابەتە لەپێشینەکانی کابینەی کۆماریی تورکیا. هەروەها پرسی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بەبێ پچڕان لە مانگی رەمەزاندا، خێراکردنی هەوڵەکانی ئاگربەست و دەسپێشخەرییە دیپلۆماسییەکانی تورکیاش تاوتوێ دەکرێن.
 
جەژنانەی پرسی خانەنشینان
 
ملیۆنان خانەنشین چاویان لە هەواڵێکی خۆشە؛ بەتایبەتی پێدانی "جەژنانە".
 
یەکێک لەو بابەتانەی کە زیاترین پەیوەندیی بە ناوخۆی تورکیاوە هەیە، پرسی دیاریی جەژنە بۆ خانەنشینان. لە کۆبوونەوەکەدا هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەکرێت کە ئایا بڕی دیارییەکە کە ئێستا 4 هەزار لیرە (نزیکەی 90 دۆلار)ە، زیاد دەکرێت یان نا. ملیۆنان خانەنشین بە پەرۆشەوە چاوەڕێی بڕیار و مژدەن کۆبوونەوەکەن.
 
ئابووریی تورکیا
 
چاوەڕێ دەکرێت باسی ئابووری و لێکەوتەکانی ئەو بابەتە بکرێت. چەندین بڕیاری گرنگ کە کاریگەرییان لەسەر چارەنووسی هاووڵاتییان و ناوچەکە دەبێت، تاوتوێ دەکرێن.
 
هەروەها بەرنامەی بەرەنگاربوونەوەی هەڵاوسان هەڵدەسەنگێندرێن. بەتایبەتی رێکارەکانی چاودێریکردن لە بەرامبەر گرانبوونی نایاسایی نرخەکان کە لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزاندا سەری هەڵداوە دەخرێنە بەر باس. هەروەها ئەو هەنگاوە نوێیانەی بۆ پاراستنی سەقامگیریی نرخەکان دەنرێن، لەژێر چاودێریی وردی کابینەدا دەبن.