باکرهان: پێویستە پێناسەی هاووڵاتی بگۆڕدرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەڵێت، پێویستە پێناسەی هاووڵاتیبوون لە تورکیا بگۆڕدرێت. سەرۆکی پارتی یەکێتیی مەزن ئەو پێشنیازە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، "ئەم مادەیە (مادەی 66ی دەستوور) گەرەنتیی یەکێتیی گەلەکەمانە. ناگۆڕدرێت، تەنانەت ناکرێتە بابەتی گفتوگۆش."
 
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی رۆژی یەکشەممە 22ی شوباتی 2026، لەگەڵ پەروین بوڵدان، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان، لە شاری بەدلیس بەشداریی لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا کرد.
 
باکرهان باسی پرۆسەی چارەسەریی پرسی کوردی لە تورکیا کرد و ئاماژەی بەوە دا، پێویستە پێناسەی هاووڵاتیبوون بگۆڕدرێت و گوتی، "پێویستە پێناسەیەکی هاووڵاتیبوون هەبێت کە لەگەڵ هەموو رەنگەکانی تورکیادا بگونجێت. هەموومان خەڵکی تورکیاین، بەڵام لەنێوماندا کورد هەیە، تورک هەیە، عەرەب هەیە، عەلەوی هەیە، هەروەها گەلانی دیکەی خاوەن باوەڕ و ناسنامەی جیاواز هەن. پێویستە پێناسەیەک هەبێت کە لەگەڵ ئەمەدا بگونجێت. ئەم هەنگاوانە کورد بە شێوەیەکی راستەقینە بە کۆمارەوە دەبەستنەوە."
 
مستەفا دەستەجی، سەرۆکی پارتی مەزن بەرامبەر لێدوانەکانی تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی دەربارەی مادەی 66ـی دەستوور کاردانەوەی نیشاندا و رایگەیاند، "ئەم مادەیە گەرەنتیی یەکێتیی گەلەکەمانە. ناگۆڕدرێت، تەنانەت ناکرێتە بابەتی گفتوگۆش."
 
دەستەجی، هەمان رۆژ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، روونکردنەوەیەکی نووسراوی لەبارەی ئەو مشتومڕانەوە بڵاوکردەوە کە لەسەر بڕگەی "هەر کەسێک بە بەندی هاووڵاتیبوونەوە بە کۆماری تورکیاوە بەسترابێتەوە، تورکە" لە مادەی 66ی دەستووردا دروستبوون.
 
دەستەجی نووسیویەتی، "هاوسەرۆکی دەم، کە درێژکراوەی سیاسیی پەکەکەیە، ئەمڕۆش درێژەی بە بێ سنوورییەکەی داوە و داوای گۆڕینی مادەی 66ی دەستووری کردووە کە دەڵێت 'هەر کەسێک بە بەندی هاووڵاتیبوونەوە بە کۆماری تورکیاوە بەسترابێتەوە، تورکە'. هەروەها گوتوویەتی 'پێویستە پێناسەیەکی هاووڵاتیبوون هەبێت کە لەگەڵ هەموو رەنگەکانی تورکیادا بگونجێت. هەموومان خەڵکی تورکیاین، بەڵام لەنێوماندا کورد هەیە، تورک هەیە، عەرەب هەیە، عەلەوی هەیە، گەلانی دیکەش هەن کە خاوەنی باوەڕ و ناسنامەی جیاوازن. پێویستە پێناسەیەک هەبێت کە لەگەڵ ئەمەدا بگونجێت'... ئەم مادەیە و ئەم پێناسەیە ئەوەیە کە دەمانکاتە گەل و گەرەنتیی مانەوەی دەوڵەتمان، یەکپارچەیی وڵاتمان و یەکێتیی گەلەکەمانە. ناگۆڕدرێت و تەنانەت ناکرێتە بابەتی گفتوگۆش. ناوی دەوڵەتمان: کۆماری تورکیا. ناوی گەلەکەشمان: گەلی تورک ـە. هەرکەسێک قبووڵی بکات دەمێنێتەوە، ئەوەی قبووڵی نەکات دەڕوات."
 
مادەی 66
 
مادەی 66ـی دەستوور، بڕگەی بنەڕەتیی رێکخستنی هاووڵاتیبوونی تورکیایە و بە دەستەواژەی "هەرکەسێک کە بە پەیوەندیی هاووڵاتیبوونەوە بە دەوڵەتی تورکیاوە بەستراوەتەوە، تورکە" بنەمای هاووڵاتیبوون دیاری دەکات.
 
مادەکە، بەدەستهێنانی هاووڵاتیبوون لەلایەن منداڵانەوە لە رێگەی رەچەڵەک (دایک یان باوکی تورک) رێکدەخات و رێکارەکانی بێبەشکردن لە هاووڵاتیبوون دەخاتە ژێر چاودێریی دادوەرییەوە و بەوەش مسۆگەری دەکات.
 
"دەستووری کۆماری تورکیا"
 
بەشی چوارەم

ماف و ئەرکە سیاسییەکان
 
1- هاووڵاتیبوونی تورک
 
مادەی 66 - هەر کەسێک بە پەیوەندی هاووڵاتیبوونەوە بە دەوڵەتی تورک ـەوە بەسترابێتەوە، تورکە.
 
منداڵی باوکێکی تورک یان دایکێکی تورک، تورکە.
 
هاووڵاتیبوون، بەو مەرجانەی لە یاسادا دیاریکراون بەدەست دەهێندرێت و تەنیا لەو حاڵەتانەدا کە لە یاسادا ئاماژەی پێکراوە لەدەستدەدرێت.
 
هیچ تورکێک، تاوەکو ئەو کاتەی کارێک ئەنجام نەدات کە لەگەڵ دڵسۆزی بۆ نیشتمان یەکناگرێتەوە، لە هاووڵاتیبوون دوورناخرێتەوە.
رێگەی دادگا ناتوانرێت دابخرێت لە بەرامبەر بڕیار و رێکارەکانی پەیوەست بە دەرکردن لە هاووڵاتیبوون.