دەم پارتی: کاری لەپێشینەمان ئازادکردنی ئۆجەلان دەبێت


رووداو دیجیتاڵ

گوتەبیژی دەم پارتی رایگەیاند، خەڵک عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە رێبەر دەبینێت، هەر بۆیە مانەوەی ئەو لە زیندان کۆسپ بۆ پرۆسەی چارەسەریش دروست دەکات، داوا دەکات ئۆجەلانیش هاوشێوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلی لەگەڵ جەماوەری خۆیدا کۆببێتەوە.
 
پارتی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان (دەم پارتی)، پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (دەبەپە) و تەڤگەری ژنانی ئازاد (TJA) رۆژی دووشەممە، 23-2-2026، لە شارۆچکەی سلۆپیی سەربە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان کۆبوونەوەیەکی جەماوەرییان رێکخست.
 
ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی لە کۆبوونەوەکەدا گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، ئامانجی کۆبوونەوەکە ئەوەیە پرۆسەکە لەگەڵ هاونیشتمانییاندا بەرەو پێش ببەن.
 
دۆغان لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بە راپۆرتی کۆمیسیۆنی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمان کرد. هەروەها داواکاریی 27ی شوباتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پەکەکەی وەبیرهێنایەوە و گوتی: "بەڕێز ئۆجەلان کاتێک 27ی شوبات بانگەوازی بۆ پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی کرد، گوتی 'مافی سرووشتی مامەڵە و بازاڕکارییان پێوە ناکرێت".
 
رۆژی چوارشەممە 18ـی شوباتی 2026، کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی و برایەتی بە سەرۆکایەتیی نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، راپۆرتێکی هاوبەشی بە زۆرینەی دەنگ پەسند کرد، کە تێیدا پەرلەمانتارانی دەم پارتیش بەشدار بوون.
 
گوتەبێژی دەم پارتی رەخنەی لە راپۆرتە ئامادەکراوەکەی کۆمیسیۆنی پرۆسەی چارەسەری گرت و گوتی: "رەوایەتی بە هێرشکردنە سەر کورد دەدات و ناوی 'تیرۆر'یان بەسەردا دەسەپێنێت. ئێمە ئەمە قبووڵ ناکەین".
 
گوتەبێژەکەی دەم پارتی راشیگەیاند، تەواوی کارەکانی کۆمیسیۆن رەتناکەنەوە و بیر لەوە ناکەنەوە مێزی دیالۆگ جێبهیڵن و گوتی: "ئەم کۆمیسیۆنە کێشەی کورد چارەسەر ناکات، ئێمە لە سەرەتاوە ئەمەمان گوتبوو، بەڵام کارەکانی ئەم کۆمیسیۆنە لە داهاتوودا رێگە بۆ زۆر شت خۆش دەکات".
 
ئایشەگوڵ دۆغان باسی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی کرد و گوتی: "ئەم گەلە بەڕێز ئۆجەلان وەک رێبەر دەبینێت. ئاسایی نییە بەڕێز ئۆجەلان کە گەل بە رێبەری خۆی دەزانێت، لە ئیمراڵی زیندانی بێت. پێویستە ئازادیی بەڕێز ئۆجەلان لە پێشینەی کارەکانمان بێت. ئەگەر ئەمە نەبێت، لە داهاتوودا رووبەڕووی زۆر کۆسپ دەبینەوە. لەم قۆناخەدا سێ ئەکتەر دەردەکەون؛ ئەردۆغان، باخچەلی و ئۆجەلان. دوو لەو ئەکتەرانە هەموو رۆژێک پەیامەکانیان بۆ لایەنگرانیان بڵاودەکەنەوە و پێکەوە کۆدەبنەوە، بۆچی نابێت بەڕێز ئۆجەلان ئەو کارە بکات؟"
 
رۆژی 22ـی شوباتی 2026، هاوسەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەریی کەجەکە، هەڵوێستی خۆی لەسەر ئەو راپۆرتە خستەڕوو و رایگەیاند:"تێکۆشانی ئێمە یەکێکە لە پاکترین و شکۆمەندترین تێکۆشانەکانی ئازادی لە مێژوودا. پێناسەکردنی بزووتنەوەکەمان بە تیرۆر بە تەواوی رەت دەکەینەوە."