سەزایی تەمەللی بۆ رووداو: گۆڕانکاری لە پۆستەکانی دەم پارتی جێی باس نییە
رووداو دیجیتاڵ
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی ئەو هەواڵانەی رەتکردنەوە کە باس لە گۆڕانکاریی ریشەیی لە پارتەکەیدا دەکەن و رایگەیاند، ئێستا سەرنجیان لەسەر پرۆسەی چارەسەری و دەرچوونی یاسا چاوەڕوانکراوەکانە.
لە تورکیا و باکووری کوردستاندا دەنگۆ و هەواڵ لەبارەی ئەوە بڵاوکراوەتەوە، گوایە پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) گۆڕانکاریی ریشەیی لە رێکخستنەکانیدا دەکات.
سەزایی تەمەللی، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە (رووداو)ی راگەیاند، "لە تورکیا هەواڵی لەم جۆرە بڵاودەکرێنەوە، بەڵام ئێستا بابەتێکی وەها لە رۆژەڤی ئێمەدا نییە. بەڵکو بابەتی لەپێشینە بۆ ئێمە، یاسای تایبەت بە پرۆسەیە و سەرنجەکانمان لەسەر ئەمەن. بێگومان دوای قۆناخی یاسایی لە پارتەکەماندا گفتوگۆ لەسەر زۆر شت دەکەین. دروستترین زانیاریی کە ئێستا پێتی بدەم ئەوەیە، بەرپرسانی ئێمە دەستیان بە گفتوگۆیەکی لەمجۆرە نەکردووە."
لەبارەی قۆناخی یاسایی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری، سەزایی تەمەللی گوتی، "ئێمە چاوەڕێ دەکەین ئەو یاسایانەی بە ناوەکانی (یاسای راگوزەر) و (یاسای تایبەت) ناونراون، چی زووە بهێنرێنە پەرلەمانی تورکیا و وەڵامی چاوەڕوانییەکانی تایبەت بە پرۆسەکە بدەنەوە."
سەبارەت بە راپۆرتەکەی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی، کە پەرلەمان پەسندی کردووە، تەمەللی گوتی، "ئەگەر سەیری راپۆرتەکە بکەن، بێگومان وەڵامی چاوەڕوانییەکان ناداتەوە. بەڵام بە تەنیا راپۆرتەکە دیاریکەری چارەنووسی پرۆسەکە نییە. ئێمە لەپێناو قۆناخی یاسایی پرۆسەکە لە داکۆکیکردن بەردەوام دەبین."
راپۆرتی هاوبەشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی رۆژی 18ی شوباتی 2026 بە زۆرینەی دەنگ، پەسندکرا. ئەو راپۆرتە لە 7 بەشی سەرەکی پێکدێت کە بریتین لە: کارەکانی لیژنە، ئامانجە سەرەکییەکانی لیژنە، رەگە مێژووییەکانی برایەتیی تورک و کورد و یاسای برایەتی، خاڵە هاوبەشەکانی ئەو کەسانەی لە لیژنەکە گوێیان لێگیراوە، هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و چەکدانان، پێشنیازی یاسایی بۆ پرۆسەکە و پێشنیازەکان بۆ دیموکراسی.