لە تورکیا متمانەی کەرتی تاکفرۆشی بەرزدەبێتەوە و لە بیناسازیشدا دادەبەزێت
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی نوێترین داتاکانی دامەزراوەی ئاماری تورکیا، لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا پێوەری متمانە لە کەرتی بازرگانیی تاکفرۆشیدا بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە، بەڵام لە کەرتی بیناسازیدا پاشەکشەی کردووە.
رۆژی دووشەممە، 23ـی شوباتی 2026، دامەزراوەی ئاماری تورکیا (TÜİK) ئاماری پێوەرەکانی متمانەی بۆ کەرتەکانی خزمەتگوزاری، بازرگانیی تاکفرۆشی و بیناسازی بڵاوکردەوە.
بەپێی داتاکان، لە مانگی شوباتدا ئاستی متمانە لە کەرتی خزمەتگوزاریدا بەراورد بە مانگی رابردوو بە جێگیری ماوەتەوە و لەسەر ئاستی 113.8 خاڵ وەستاوە.
لە بەرامبەردا، گەشبینی لە کەرتی بازرگانیی تاکفرۆشیدا زیادی کردووە و پێوەرەکە بە رێژەی 2.9٪ بەرزبووەتەوە، بەوەش گەیشتووەتە 115.9 خاڵ.
بەڵام دۆخەکە لە کەرتی بیناسازیدا بە پێچەوانەوە بووە؛ پێوەری متمانە لەو کەرتەدا بە رێژەی 2.1٪ دابەزیوە و بۆ 83.9 خاڵ کەمیکردووە.
پێوەری متمانە لە تورکیا لەسەر بنەمای "سەروو و خوار 100 خاڵ" هەژمار دەکرێت؛ کاتێک پێوەرەکە لە سەرووی 100 خاڵ بێت، نیشانەی گەشبینیی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی ئەو کەرتەیە بۆ ئێستا و داهاتوو، بەڵام دابەزینی بۆ خوار 100 خاڵ بە واتای هەبوونی رەشبینی و پاشەکشە لەو کەرتەدا دێت.