هەشتەمین دانیشتنی دادگە لەبارەی دۆسیەی شارەوانییەکانی ئیستەنبووڵی جەهەپە بەڕێوەدەچێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە، سێیەم هەفتەی دادگاییکردنی 407 تۆمەتبار لە ئیستەنبووڵ دەستپێدەکات کە 107 ـیان زیندانیکراون و ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی گەورەشارەوانی ئیستەنبووڵ کە لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە، یەکێکە لەوان.
چاوەڕوان دەکرێ ئەم هەفتەیە هەریەک لە رەسووڵ ئەمرە شیهان، سەرۆکی شارەوانیی شیشلیی زیندانیکراو و محەممەد موراد چاڵک، سەرۆکی شارەوانیی بەیلیکدۆزۆی زیندانیکراو بەرگری لە خۆیان بکەن.
لە هەشتەمین دانیشتنی ئەمڕۆدا، یەکەم بەرگری لەلایەن ئەڵتان ئەرتورکی زیندانیکراوەوە دەکرێ.
لە تۆمەتنامەکەدا داوای سزای زیندانیکردن لە 35 ساڵەوە تاوەکو 91 ساڵ بۆ شیهان کراوە بە چەندین تۆمەتی جیاواز؛ هەروەها داوای زیندانیکردن لە 30 ساڵەوە تاوەکو 88 ساڵ بۆ چاڵک کراوە بە چەندین تۆمەتی جیاواز.
جگە لەوەش، پێشبینی دەکرێ موراد کەلەس، برازای فاتح کەلەس، سەرۆکی یانەی وەرزشی گەورەشارەوانی ئیستەنبووڵ زیندانیکراو، ئەم هەفتەیە ببرێتە دادگە.
دانیشتنەکان لە دوو هەفتەی یەکەمدا بەهۆی مانگی رەمەزانەوە لەنێوان کاژێر 10:00 بۆ 16:00 بەڕێوەچوون، بەڵام لەم هەفتەیەوە لەنێوان کاژێر 10:00 بۆ 21:00-22:00 بەڕێوەدەچن.
پلانەکە بەو جۆرەیە تاوەکو کۆتایی مانگی نیسان بەرگریی تۆمەتبارە زیندانیکراوەکان لە کەیس و تۆمەتەکانیان تەواو بکرێ، هەربۆیە لەمڕۆوە دانیشتنەکان تاوەکو درەنگانی شەو بەردەوام بن.
لە دانیشتنی رابردوودا چی روویدا؟
لە دانیشتنی رابردووی دۆسیەکەدا، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، لەبارەی رێکارەکانەوە قسەی کرد و رەخنەی لەو سنووردارکردنانە گرت کە لە هۆڵی دادگە دانرابوون.
ئیمامئۆغڵو رووی لە دەستەی دادگە کرد و رایگەیاند، سنووردارکردنەکان "ناهاوسەنگن" و داوای کرد ئەو بڕیارە هەڵبوەشێندرێتەوە کە تەنیا رێگە بە یەک ئەندامی خێزانی هەر تۆمەتبارێک و تەنیا سێ پارێزەر بۆ هەر تۆمەتبارێک دەدات ئامادە بن.
ئاماژەی بەوەشدا، سنووردارکردن بۆ رۆژنامەڤانان "ناوبانگی دادگەی لەکەدار کردووە" و داوای کرد رێگە بە سیاسەتڤان و بەڕێوەبەرانی شارەوانییەکانیش بدرێت چاودێریی دادگەییەکە بکەن.
چی روویدا؟
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی پێشووی گەورەشارەوانی ئیستەنبووڵ لە 19ـی ئاداری 2025 ـدا لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی "تیرۆر" و "گەندەڵی" کە پەیوەست بوو بە 'رێککەوتنی شار'ەوە دەستبەسەرکرا، دواتر لە 23 ـی ئاداردا بە تۆمەتی "گەندەڵی" دەستگیرکرا.
بە تۆمەتی "سیخوڕی" لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانی ئیستەنبووڵی جەهەپە، نەجاتی ئۆزکان، بەڕێوەبەری هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئیمامئۆغڵو و مەردان یانارداغ رۆژنامەڤان دەستیپێکردووە.
ئیمامئۆغڵو، کە لە زیندانی مەڕمەڕە لە سیلیڤری بەندکراوە، رۆژی 24 ـی تشرینی یەکەمی 2025 لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ، تۆمەتی "سیخوڕی" درایە پاڵ.
ئیمامئۆغڵو هەمان رۆژ لەبارەی ئەو تۆمەتەی دراوەتە پاڵی، رایگەیاند، "تۆمەت، درۆ و پیلانگێڕییەکی لەم جۆرە بە خەیاڵی شەیتانیشدا نایەت."
بەگوێرەی راگەیێندراوی فەرمی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی ئیستەنبووڵ، لە رێگەی بەرنامەی "ئەستەنبووڵ هی تۆیە "زانیاریی کەسیی 4.7 ملیۆن کەس بە دوو وڵاتی بیانی دراوە و زانیاریی 3.7 ملیۆن کەسیش لە رێگەی "دارک وێب"ەوە فرۆشراون.