لە ئەنتالیا دوو پەڕەشووتەوان کەوتنە نێو دەریا و یەکێکیان خنکا
رووداو دیجیتاڵ
لە شارۆچکەی ئالانیای سەر بە ئەنتالیای تورکیا، ئەمڕۆ یەکشەممە 23-4-2023 دوو ژن کە لە ئاسمانی کەناراوەکانی شارۆچکەکەدا راهێنانیان بە پەڕەشووت دەکرد، کەوتنە نێو دەریا و بەهۆیەوە یەکێکیان خنکا و ئەوەی دیکەشیان بریندارە.
دوو ژن بە ناوەکانی گولسوم چیلەک، تەمەن 40 ساڵ و سومەییە ئاڵ، تەمەن 26 ساڵ بۆ راهێنان بە پەڕەشووت لە ئاسمانی شارۆچکەی ئالانیا فڕین. سومەییە ئاڵ راهێنەرە و کۆنترۆڵی پەڕەشووتەکە لەدەستی ئەودا بوو. لەو کاتەی لەسەر دەریا بوون، پەڕەشووتەکە لە کۆنترۆڵ دەرچوو و کەوتە نێو دەریا. ئەوان لە پەڕەشووتەکەیان ئاڵابوون و کەوتبوونە نێو دەریا. راستەوخۆ پاپۆڕی فریاگوزاری گەیشت و هەردووکیان دەرهێنران و رەوانەی نەخۆشخانە کران.
گولسوم چیلەک سەرەڕای هەوڵی پزیشکان گیانی لەدەستدا. سومەییە ئاڵ بەسەختی بریندار بووە و لە ژێر چاودێریی پزیشکدایە.
سەبارەت بە رووداوەکە ئەرگون ئوڵو، راهێنەر لە دامەزراوەی ئاسمانیی تورکیا (THK) رایگەیاند: "ئەمڕۆ هەریەک لە قوتابییانی خولی (1T) لە کاتی فڕیندا تووشی رووداوێک بوون. ئەوان کۆنترۆڵیان لەدەستداوە و بە خێراییەکی زۆرەوە کەوتوونەتە نێو دەریا. بەڵام ئەو چالاکییە فڕینێکی بازرگانی نەبووە و بە مەبەستی راهێنان کراوە."
بەگوێرەی ئامارەکانی دامەزراوەی ئاسمانیی تورکیا (THK) ماوەی 25 ساڵە بەردەوام پەڕەشووت دەفڕێنن، ئەمە یەکەمجارە دامەزراوەکە رووبەڕووی رووداوێکی لەمجۆرە ببێتەوە.