شاندی دەم پارتی لەگەڵ وەزیری داد کۆدەبێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

شاندی دەم پارتی بۆ دیدارەکانی ئیمراڵی رۆژی پێنجشەممە 24-04-2025 لەگەڵ یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا کۆدەبێتەوە.
 
لەکاتێکدا شاندی دەم پارتی بۆ دیدارەکانی ئیمراڵی لە پەروین بوڵدان و سرری سورەییا ئۆندەر پێکدێت، بەڵام بەهۆی نەخۆشکەوتنی ئۆندەر، بۆ کۆبوونەوەکەی رۆژی پێنجشەممە هەریەک لە بریکارانی سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی گوڵستان کڵچ کۆچیغیت و سەزایی تەمەلـلی بەشداری دەکەن. هەروەها ئۆزتورک تورکدۆغان، هاوگوتەبێژی لیژنەی یاسا و مافەکانی مرۆڤ لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە دەبێت.
 
بەگوێرەی ئەو پلانەی دانرابوو، دەبوو سرری سورەییا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتاری دەم پارتی و پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی رۆژی 18-04-2025 لەگەڵ یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا کۆببنەوە، بەڵام بەهۆی نەخۆشکەوتنی لەناکاوی ئۆندەر ئەو دیدارە دواکەوت.
 
سرری سورەییا ئۆندەر کە ئەندامی شاندی دەم پارتییە بۆ ئیمراڵی، شەوی سێشەممە، 15ی نیسانی 2025 تەندروستیی تێکچوو و دواتر دەرکەوت تووشی پچڕانی شاخوێنبەری دڵی بووە.