لە تورکیا و باکووری کوردستان سەتان هەزار منداڵ کار دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی داتاکانی دامەزراوەی سەنتەری پەروەردە و زانستی منداڵانی کرێکار، لە باکووری کوردستان و تورکیا یەک ملیۆن منداڵ بە ناچاری کاردەکەن. دەستەی ئاماری ئەو وڵاتەش دەڵێ، ژمارەی ئەو منداڵانەی بەناچاری کار دەکەن 967 هەزار منداڵن.
لە تورکیا و باکووری کوردستان بەهۆی دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە ژمارەی ئەو منداڵانە زیاد دەکات کە ناچار دەبن کار بکەن.
دامەزراوەی ئاماری تورکیا رایگەیاند، 967 هەزار منداڵ لە تورکیا و باکووری کوردستان ناچارن کار بکەن و لە ماوەی هەشت ساڵی رابردوودا 519 منداڵ لە کاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی داتاکانی ئەو دامەزراوەیە، لە ساڵی 2017 ـدا ژمارەی منداڵانی کرێکار لە نێوان تەمەن 15 بۆ 17 ساڵ 678 هەزار منداڵ بووە و ئەم ژمارەیە لە ساڵی 2024ـدا بە رێژەی 42.63٪ زیادیکردووە و گەیشتووەتە 967 هەزار منداڵ.
لەلایەکی دیکەوە دامەزراوەی سەنتەری پەروەردە و زانستی منداڵانی کرێکار رایگەیاندووە کە لە نێوان ساڵانی 2017 بۆ 2024ـدا 519 منداڵ لە شوێنی کاردا گیانیان لەدەستداوە و یەک ملیۆن منداڵ بە ناچاری کار دەکەن.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی دادی تورکیا، لە ماوەی 14 ساڵی رابردوودا رێژەی تاوان لە نێو منداڵاندا 242٪ زیادیکردووە و لە ساڵی 2024ـدا 284 هەزار منداڵ بەهۆی تاوانەوە تۆمارکراون.
وەزارەتەکە رایگەیاندووە، بەکارهێنانی منداڵان لە رێکخراوە تاوانکارییەکان زیادی کردووە و رێژەیەکی زۆر لەو گومانلێکراوانەی کە لە ئۆپەراسیۆنەکانی هۆشبەردا دەستگیر دەکرێن منداڵن.