یاریدەدەری ئەردۆغان دەڵێت، زۆرینە بەدەستبهێنن دەستووری نوێ لە پەرلەمان دادەڕێژرێت

رووداو دیجیتاڵ

یاریدەدەری سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان- ئاکپارتی رایگەیاند، ئەگەر لە پەرلەمان زۆرینە بەدەستبهێنن، ئەوا دەستووری نوێ لە پەرلەمان دادەڕێژرێت.
 
ئەمڕۆ هەینی 23ـی ئایاری 2025 وێرکشۆپی دەستووری نوێ لە ناوەندی ئاکپارتی لە ئەنقەرە بە سەرۆکایەتیی حەیاتی یازیجی، یاریدەدەری سەرۆکی ئاکپارتی و بە بەشداری ئەکادیمیستان بەڕێوەدەچێت.
 
حەیاتی یازیجی رایگەیاند، پەیوەست بە چوار خاڵە سەرەتاییەکانی دەستوور هیچ کێشەیەکیان نییە و ئەو شوێنەی کە گوتراوە "ناگۆڕدرێت و پێشنیاری گۆڕینیش ناکرێت" دەمێنێتەوە و بەم شێوەیە ئامانج دادەنێن دەستوورێکی نوێ دابڕێژن.
 
یازیجی گوتی، لە ساڵی 2007ـەوە کار و خەباتێکی گرنگ لەبارەی دەستوورێکی نوێوە دەستیپێکردووە، دوایینجار لە تشرینی یەکەمی 2024 دەستیان بە کۆڕبەندەکان کردووەتەوە.
 
ئەو دەستوورەی ئێستای تورکیا دوو ساڵ دوای کودەتا سەربازییەکەی 12ـی ئەیلولی 1980 ئامادە کراوە.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی پێنجشەممە 22-5-2025 لەکاتی گەڕانەوەی لە هەنگاریاوە، لە نێو فڕۆکە قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و باسی لە نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ کرد.
 
ئەردۆغان لە باسی دەستوورێکی نوێدا جەختی لەسەر گۆڕانی تورکیا و جیهان کردەوە و گوتی: "هەرچەند هەمواری دەکەیتەوە، بیکەوە. ئایا دەتوانیت لەڕێی دەستوورێکەوە بچیتە پێشەوە کە لە سەردەمی کودەتادا نووسراوەتەوە؟ ئەی ماوەی 40 ساڵە نایبینن چەندە سەختە لەڕێی دەستووری کودەتاچییانەوە بتەوێت کۆمەڵگە یەک بخەیت؟"