دەم پارتی: لابردنی سیستمی قەییوم هەنگاوێکی گرنگە بۆ پرۆسەی ئاشتی
رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان - دەم پارتی دەڵێت، هەنگاوێکی گرنگ لە پرۆسەی نوێدا هەڵوەشاندنەوەی سیستمی قەییوومە.
ئەمڕۆ هەینی 23ی ئایاری 2025 لە ئامەدی باکووری کوردستان کۆبوونەوەی دەستەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی خۆجێیی دیموکراتیی ژنان دەستیپێکرد و بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی و چیدەم کڵچگون ئوچار، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان - دەبەپە لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوون.
هاتیمئۆغوڵڵاری ئاماژەی بە پڕۆسەی ئاشتی کرد و رایگەیاند، "سیستمی قەییوم ئیرادەی گەلی کورد و سیستمی هاوسەرۆکایەتی پێشێل کردووە و پێویستە دەستبەجێ ئەم سیستمە هەڵبوەشێندرێتەوە."
هەرچەندە کورد لە هەڵبژاردنەکاندا زۆرترین شارەوانییەکان لە باکووری کوردستان دەباتەوە، بەڵام حکومەت بە بیانووی بوونی پەیوەندی، پێدانی سەرچاوەی دارایی بە پەکەکە، لایاندەبات و کەسی دیکە لە شوێنەکانیان دادەنێت؛ ئەم لەکارلادان و دانانەش بە 'قەییووم' ناودەبرێت.
تاوەکو ئێستا زیاتر لە 10 شارەوانیی دەم پارتی قەییومیان بۆ دانراوە، لەوانەش شارەوانیی مێردین، کە سەرۆکشارەوانییەکەی ئەحمەد تورک بوو.