ئەمریکا تۆمەتبارێکی دۆسیەی گوڵستان دۆکوی دەستگیرکرد و رادەستی تورکیای دەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئوموت ئاڵتاش، یەکێک لە تۆمەتبارانی دۆسیەی گوڵستان دۆکو، کچە کوردە بێسەروشوێنەکەی دێرسمی باکووری کوردستان لە ئەمریکا دەستگیرکرا و بڕیارە بگەڕێندرێتەوە تورکیا.
دوای ئەوەی ئوموت ئاڵتاش لەلایەن داواکاری گشتییەوە خرایە لیستی سووری داواکراوان، ئەمریکا دەستگیری کرد.
بەگوێرەی دوایین زانیاریی وەرگیراو لە سەرچاوە ئەمنییەکانی تورکیاوە، ئەو تۆمەتبارە لەلایەن پۆلیسی ئەمریکاوە دەستگیرکراوە و رێکاری گەڕاندنەوەی بۆ تورکیا دەستیپێکراوە.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان، لەکاتێکدا ئاڵتاش دانی بەوەدا ناوە کە تورکای سۆنێل تاوانەکەی کردووە، لەو ماوەیەی لە ئەمریکا بووە، چەند جارێک بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سۆنێل کردووە.
تورکای سۆنێل، کوڕی تونجای سۆنێل، پارێزگاری پێشووی دێرسمە و بە تۆمەتی کوشتنی گوڵستان دۆسیەی لەسەر کراوەتەوە و زیندانییە.
گوڵستان دۆکوی تەمەن 21 ساڵ، خوێندکاری قۆناخی دووەمی زانکۆی مونزوری دێرسم، رۆژی 5-1-2020 لە بەشی ناوخۆیی زانکۆکەی چووە دەرەوە و ئیدی نەگەڕایەوە. خێزانەکەی کە نیشتەجێی ئامەدن، چوونە دێرسم و لایەنە ئەمنییەکانیان ئاگادارکردنەوە، بەڵام ئەمە تەنیا سەرەتای ململانێیەکی درێژخایەنی یاسایی بوو.
لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریانخست کە مۆبایلەکەی گوڵستان دواجار لەسەر پردی (ساری ساڵتوک) لەسەر بەنداوی ئوزونچایر سیگناڵی داوە و دوای پەیوەندییەکی چوار خولەکی، لە کاژێر 4:26ی ئێوارەی ئەو رۆژەوە مۆبایلەکەی کوژاوەتەوە.
رۆژی 16-4-2026 لەنێو ئەو چوار کەسەی لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی بێسەروشوێنبوونی گولستان دۆکو، لە ئەنقەرە دەستبەسەرکران، گۆکهان ئەرتۆک پۆلیسی پێشوو هەبوو، ئەوەش بە تۆمەتی "شاردنەوەی بەڵگەکان." ئەردۆغان ئەلئاڵدیش دەستبەسەرکرا کە لە کاتی رووداوەکەدا لە بەڕێوەبەرایەتیی تایبەتی پارێزگای دێرسم کاری کردبوو و دەگوترێ دواکەس بووە بەرکەوتنی لەگەڵ گولستان دۆکو هەبووە. ئەم دوو کەسە بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" خرانە زیندانەوە.
هەریەک لە ساڤاش گولتورک و سلێمان ئۆنال کە هەردووکیان بەرپرس بوون لە کامێراکانی زانکۆی مونزور، بە مەرجی قەدەخەی چوونەدەرەوەیان لە وڵات، ئازاد کران.
گەورەترین پێشهات لە 17ی نیساندا روویدا، کاتێک بە فەرمانی وەزیری ناوخۆی تورکیا، لێکۆڵینەوە لە تونجای سۆنێل، پارێزگاری پێشووی دێرسم دەستیپێکرد.
تونجای سۆنێل کە لەنێوان 13ـی حوزەیرانی 2017 تاوەکو 9ـی حوزەیرانی 2020 لە دێرسم کاری کردووە، تۆمەتبار دەکرێ بەوەی لەو کاتەی پارێزگاری دێرسم بووە، هەوڵی "شاردنەوەی راستییەکانی رووداوەکە" یان رێگریکردنی لە رێڕەوی دادپەروەری داوە.