فراکسیۆنی دەم پارتی بۆ رووداو: هوداپار لە بەرنامەی جەژنەپیرۆزەی ئێمەدا نییە
رووداو دیجیتاڵ
پارتی دۆزی ئازاد (هوداپار) کە پارتێکی کوردیی ئیسلامییە، لەم بەرە جەژنانەدا، پیرۆزبایی لە پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ناکات. سەزایی تەمەللی، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هوداپار لە بەرنامەی جەژنەپیرۆزەی دەم پارتیدا نییە.
هوداپار، رۆژی شەممە، 23-5-2026، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "بارەگای سەرەکیمان بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە لەگەڵ ئاکپارتی، پارتی دەڤا، پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ، پارتی سەعادەت، یەنی یۆڵ، پارتی چەپی دیموکرات و پارتی ئایندە جەژنەپیرۆزە دەکات".
لەکاتێکدا دەم پارتی یەکیک لەو پارتانە نییە کە هوداپار جەژنەپیرۆزەی لێ دەکات، رووداو پرسیاری لە سەزایی تەمەللی، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی کرد و لە وەڵامدا گوتی: "هوداپار لە بەرنامەی جەژنەپیرۆزەی دەم پارتیدا نییە".
بەرنامەی جەژنەپیرۆزەی نێوان پارتە سیاسییەکانی تورکیا، رۆژی پێنجشەممە 28ـی ئایار، کە دووەم رۆژی جەژنی قوربانە، بەڕێوەدەچێت.
هوداپار هەروەها رایگەیاندووە: "ناوی ئەو کەسانە دیاریکران کە لە بارەگای سەرەکیمان پێشوازی لە شاندی میوانان دەکەن و ئەوانەشی سەردانی پارتەکانی دیکە دەکەن. هەریەک لە حەمدین ئەسڵان، یاریدەدەری سەرۆک و ئەحمەد کارائاسڵان و موحسین شەنۆل، ئەندامانی ئەنجوومەنی کارگێڕیی گشتی پێکدێن. هەروەها ئەو شاندەمان کە بە مەبەستی جەژنەپیرۆزە سەردانی بارەگای سەرەکیی پارتەکانی دیکە دەکات، یونس ئەمیرئۆغڵو، یاریدەدەری سەرۆک سەرۆکایەتیی دەکات. حەمدوڵڵا ئەر و یاسین دورسون، ئەندامانی ئەنجوومەنی کارگێڕیی گشتی لەو شاندەدا یاوەریی ئەمێرئۆغڵو دەکەن".
هوداپار
پارتی دۆزی ئازاد کە ناسراوە بە ھوداپار، پارتێکی ئیسلامیی سوننەی کوردییە و رۆژی 19-11-2012 دامەزراوە. ئەگەرچی هوداپار نکۆڵی لەمە دەکات، بەڵام چەند لایەنێک ئەو پارتە بە درێژکراوەی حیزبوڵڵا لە قەڵەم دەدەن. هوداپار تاوەکو ئێستا بەشداریی لە پێنج هەڵبژاردندا کردووە و زیاتر لە 11 هەزار و 500 ئەندامی هەیە.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانییی تورکیا لە 2018دا 157 هەزار و 324 دەنگی هێنا، کە 0.31%ـی دەنگەکانی تورکیا بوو. ئەوکات هوداپار نەیتوانی هیچ کورسییەک لە پەرلەمان مسۆگەر بکات.
هوداپار لە هەڵبژاردنەکەی 14-5-2023 لە ژێر چەتری هاوپەیمانیی جمهوور کە ئاکپارتی سەرکردایەتیی دەکات، بەشداری لە هەڵبژاردندا کرد و چوار کورسیی لە پارێزگاکانی ئیستەنبووڵ، مێرسین، ئێلیهـ و دیلۆک بردەوە. هوداپار ئێستا ئەندامێکی لە کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی هەیە کە تایبەتە بە پرۆسەی چارەسەری.