ماڵپەڕەکانی حورییەت و میلـلییەتی تورکی هاککران و وێنەی شێخ سەعیدیان لەسەر دانرا


رووداو دیجیتاڵ

ماڵپەڕی رۆژنامەکانی حورییەت و میللییەتی تورکی رووبەڕووی هێرشێکی ئەلیکترۆنی بوونەوە و بەهۆی هێرشەکەوە بۆ ماوەیەک دەستگەیشتن بە ماڵپەڕەکان راگیرا. 
 
گرووپی هاککەری سیبەرئیسلام بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت و وێنەکانی شێخ سەعید و ئەبو عوبەیدەیان لەسەر ماڵپەڕەکان دانا.
 
گرووپەکە لە پەیامێکدا کە شەوی دووشەممە 22 ـی ئەیلولی 2025 لەسەر ماڵپەڕی حورییەت بڵاویانکردەوە، وێنەکانی شێخ سەعیدی پیران و ئەبو عوبەیدە، گوتەبێژی حەماسیان داناوە و رایانگەیاندووە، گەلانی موسڵمان رووبەڕووی ستەم دەبنەوە و ئەو دەزگا میدیاییانەی خۆیان وەکو بێلایەن نیشان دەدەن، لە بەرامبەر ئەم ستەمە بێدەنگن.
 
لە پەیامەکەدا هاتووە: "لە شوێنێک کە میدیا بێدەنگە، گوتنی راستی، بیستنی دەنگی ستەملێکراوان و بڵاوکردنەوەی، تەنیا ئەرک نییە، بەڵکو تاقیکردنەوەی مرۆڤایەتیشە، چونکە سبەی کاتێک مێژوو ئەم سەردەمە دەنووسێتەوە، نەک تەنیا ستەمکار، بەڵکو ئەوانەش تۆمار دەکات کە لە بەرامبەریدا بێدەنگ بوون."
 
هاککەرەکان بە هەمانشێوە هێرشیان کردە سەر ماڵپەڕی رۆژنامەی میللییەت و رۆژنامەکەیان بە بێدەنگبوون تۆمەتبار کرد.