نووسینگەی پارێزەرانی ئۆجەلان: چاوپێکەوتنەکانمان دەشێوێندرێن
رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی یاساییی سەدە کە بەرگری لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەکات، لەبارەی گوتەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.
نووسینگەکە ئەمڕۆ سێشەممە 23 ـی ئەیلوولی 2025، سەبارەت بە چاوپێکەوتنێکیان کە دوێنێ لەسەر دیداری عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرا، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، رەخنەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان تەنیا بۆ دەم پارتی نین و چاوپێکەوتنەکەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا شێوێندراوە.
نووسینگەی یاسایی سەدە جەخت لەوە دەکاتەوە کە گوتارەکەی ئۆجەلان پەیوەندی بە سیاسەتی گشتیی تورکیاوە هەیە و لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێ: "بێگومان هەموو لایەنەکان دەکرێت جێگەی رەخنەی بەڕێز ئۆجەلان بن، بەڵام لە چاوپێکەوتنەکەدا، بەپێچەوانەی ئەوەی کە شێوێندراوە، بەڕێز ئۆجەلان جەخت لەوە دەکاتەوە کە لە چارەسەرکردنی کێشەی 100 ساڵەدا، دامەزراوەی سیاسی بە گشتیی ئەو جدییەتە پێویستەی نیشان نەداوە. ئەو رەخنە لە سیاسەت دەگرێت کە لەبری چارەسەرکردنی کێشەکان، بووەتە شەڕی بەرژەوەندییەکان. ئەم گوتانە، بە گشتیی لەسەر سیاسەتی تورکیایە و وەکو دەردەکەوێت، تایبەت نییە بە دەم پارتی."
دەم پارتی دەڵێت: "دەرکردنی بەشە پەیوەندیدارەکەی چاوپێکەوتنەکە لە چوارچێوەی خۆی، خزمەت بە پڕۆسەکە، ئاشتی و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک ناکات. هیوای سەرەکیمان ئەوەیە، هەموو لایەک بەم هەستیاری و جدییەتەوە مامەڵە بکەن."
رۆژی دووشەممە 22ـی ئەیلولی 2025 لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەشێوەیەک بڵاوکرایەوە وەکو ئەوەی راستەوخۆ ئاراستەی دەم پارتی کرابێت و ئەمەش بووە هۆی ناڕەزایەتی کە ئەندام و بەڕێوەبەرانی دەم پارتی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەپارێزن.