قەرەیلان: ناڵێین نەخێر بۆ هەنگاوی نوێ

رووداو دیجیتاڵ 

فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) رایگەیاند، دژی پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورد نین لە تورکیا، بەڵام رێگە نادەن فریو بدرێن و دەڵێت "هەلومەرجەکان گۆڕاون و رابردوو دووبارە نابێتەوە."
 
موراد قەرەیلان، فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە)، کە باڵی سەربازیی پەکەکەیە، لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد، کە ئێستا رۆژەڤی تورکیایە، رایگەیاند "ئەگەر رەوشێکی باش بێتەکایەوە کە بەرژەوەندیی تورکیا لەبەرچاو بگرێت، وڵاتپارێزی راستەقینە بگرێتەخۆ و لەسەر ئەم بناخەیە هەندێک هەنگاوی نوێ بگیرێتەبەر، لایەنی کوردیش ناڵێت نەخێر بۆ ئەمە، بەڵام دووبارە هەنگاو نانێت بۆ سەر مێزێکی شل."
 
موراد قەرەیلان پێیوایە، ئەگەر هەوڵەکان لە چوارچێوەی ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوەی پەکەکە نەبن، "هیچ کاریگەرییەکیان نابێت."
 
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە رۆژی سێشەممە (22ـی تشرینی یەکەم) لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا داوای کرد گۆشەگیریی سەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەڵبگیرێت و بێت لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمان قسە بکات و بڵێت "تیرۆر بە تەواوی کۆتاییهاتووە و هاواربکات و بڵێت رێکخراوەکە (پەکەکە) هەڵوەشێندراوەتەوە."
 
قەرەیلان لەبارەی بانگەوازەکەی دەوڵەت باخچەلییەوە، گوتی "بانگەوازەکەی دەوڵەت باخچەلی هەرچەند بەگوێرەی زیهنیەتی خۆی خاوەنی ناوەڕۆکێکی ناعەقڵانییە و لای گەلی کورد هەرگیز قبوڵ ناکرێت، بەڵام بانگەوازێکە تێیدا رێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجەلانی وەک موخاتەب قبووڵ کردووە و لێدوانەکەش بەو هۆیەوە دراوە. راستییەکە ئەمەیە، ئەگەر نزیکایەتییەکە بەگوێرەی ئەم راستییە بێت، وەڵامی خۆی لای کورد دەبینێتەوە."