کاردانەوەی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی لە میدیاکانی تورکیا
رووداو- ئیستەنبوڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی ئەو وڵاتەی کردووە و میدیاکانی تورکیا سەردانەکە بە گرنگ دەزانن و بە گشتی باس لەوە دەکرێت کە قەیرانی دارایی کوردستان پەیوەندییەکان نزیکتر دەکاتەوە.
میدیاکانی تورکیا تیشکیان خستووەتەسەر پرسە ئابوورییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان، ئەوان باس لەوە دەکەن کە قەیرانی دارایی هەرێمی کوردستان کاریگەری هەبووە لەسەر نزیکتربوونەوەی پەیوەندییەکانی هەردوولا بەتایبەت بەوەی کە تورکیا رێڕەوی هەناردەکردنی نەوتی کوردستانە بۆ بازاڕەکانی جیهان.
هەروەها باس لە ئۆپەراسیۆنی موسڵ دەکرێت و میدیاکانی ئەو وڵاتە چاوەڕێ دەکەن یەکێک لە پرسەکانی گفتوگۆی نێوان نێچیرڤان بارزانی و بەرپرسانی تورکیا شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ بێت کە گرنگی تایبەتی هەیە بۆ تورکیا.
گرنگترین مژار پرسی کوردە لە تورکیا، بەگوتەی میدیاکانی تورکیا پێشتر هەردوو سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیران رۆڵێکی گرنگیان بینیوە لەو پرسە، بۆیە ئەمجارەش میدیاکانی تورکیا پێشبینی دەکەن سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رۆڵی خۆی بگێڕێت لەو پرسە و بتوانێت نیوەندگیریی بکات بەتایبەت دوای گرتنی ئەحمەد تورک.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان شەوی سێشەممە 22-11-2016 گەیشتە ئەنقەرە و کاژێر 09:30 خولەکی چوارشەممە 23-11-2016 لەگەڵ بینالی یڵدرم سەرۆکوەزیرانی تورکیا کۆبووەوە.
هەروەها بڕیارە لەکاژێر 13:30 خولەک لە ئیستەنبوڵ لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆببێتەوە.