راپرسییەک: 70٪ـی خەڵک لە باکووری کوردستان و تورکیا پاڵپشتیی پرۆسەی چارەسەری دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی دوایین راپرسیی ناوەندی توێژینەوەی گەنار، نزیکەی 70٪ـی خەڵک لە باکووری کوردستان و تورکیا پشتیوانی لە پرۆسەی نوێی چارەسەریی پرسی کورد دەکەن. 

ئیحسان ئاکتاش، سەرۆکی ناوەندەکە رۆژی 22ـی تشرینی دووەمی 2025 لە (ئێکس) داتایەکی سەبارەت بە کەشی سیاسیی نوێ و هەوڵەکانی دۆزینەوەی چارەسەری لە رۆژەڤی تورکیادا بڵاوکردەوە. 
 
بەگوێرەی توێژینەوەی "راپۆرتی تورکیا"ـی ناوەندی توێژینەوەی گەنار بۆ مانگی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، 69.7٪ـی خەڵک پشتیوانی لە پرۆسەی چارەسەریی دەکەن.
 
لە راپرسییەکەدا رای گشتی سەبارەت بەو قۆناخە نوێیە وەرگیراوە کە لە سیاسەتدا بە هەڵوێستەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دەستیپێکرد و بە لێدوانەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا شێوەی گرت.
 
ئەنجامەکان دەریانخستووە، پشتیوانیی کۆمەڵایەتی بۆ پرۆسەکە لە ئاستێکی بەرزترە لەوەی چاوەڕوان دەکرا و لە هەر 10 کەس 7یان لەگەڵ پرۆسەکەن.  
 
پرسیار لە بەشداربووان کراوە "ئایا پشتیوانی لە پرۆسەکە دەکەن؟" بەگوێرەی ئەنجامەکان بێت، بەشێکی زۆری کۆمەڵگە متمانەیان بەو هەنگاوانەیە، کە نراون.
 
ئەنجامی راپرسییەکە بەمشێوەیەیە:
 
ئەوانەی پشتیوانی لە پرۆسەکە دەکەن (بەڵێ): 69.7٪
ئەوانەی پشتیوانی ناکەن (نەخێر): 20.7٪
بۆچوونم نییە: 9.6٪
 
رێژەی "بەڵێ" کە نزیکە لە 70٪، دەریدەخات پشتیوانییەکە تەنیا لەنێو جەماوەری هاوپەیمانیی جمهوری ئاکپارتی و مەهەپەدا سنووردار نییە، بەڵکو بەشێکی بەرچاوی دەنگدەرانی ئۆپۆزیسیۆنیش بە ئەرێنی لە پرۆسەکە دەڕوانن. مانەوەی رێژەی ئەوانەی دەڵێن "نەخێر" لە 20.7٪دا، بەو شێوەیە لێکدرایەوە کە کۆدەنگییەکی بەهێز لەنێو کۆمەڵگەدا بۆ نەهێشتنی ناکۆکی و گەڕان بەدوای چارەسەریی سیاسی دروست بووە.