هاوسەرۆکی دەم پارتی: هەندێک لە پارتە سیاسییەکان پرۆسەکەیان ناوێ

رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی دەم پارتی بە پێویستی زانی تەواوی پارتەکان بێ حسابکردنی هەڵبژاردن، بە بەرپرسیاریەتییەوە هەڵسوکەوت لەگەڵ پرۆسەکەدا بکەن. 
 
لە گوتارێکیدا کە رۆژی یەکشەممە 21-11-2025، لە کۆبوونەوەی دەم پارتی لە پارێزگای هاتای پێشکێشی کرد، تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) باسی پرۆسەی چارەسەریی کرد و گوتی: "لە بەرامبەر ئەو پرۆسە مێژووییە دەبێت هەمووان بە بەرپرسیارێتییەکی گەورەوە رەفتار بکەن".
 
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری ئاماژەی بەوەدا، "دەسەڵات، ئۆپۆزیسیۆنی سەرەکی و پارتەکانی دیکەش، نابێت حسابی هەڵبژاردن بکەن. بەڵام بەداخەوە هەمووی ئەمە دەکەن. ئێمە سەرگەرمی چارەسەرکردنی کێشەیەکی سەت ساڵەین کە نابێت حسابی هەڵبژاردنی لەسەر بکرێت".
 
هاوسەرۆکی دەم پارتی باسی لەوەش کرد، هەندێک دەوڵەت و بەشێک لە پارتە سیاسییەکان پرۆسەی چارەسەرییان ناوێ. "دەوڵەت باخچەلی بەناوی دەوڵەت ئەم پرۆسەیەی دەستپێکرد. هۆکاری دەستپێکردنەکەش پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و سووریا بوو. ئێمە دەیان ساڵە ئەمە دەڵێین، ئەو تورکیایەی کێشەی کورد چارەسەر دەکات، تورکیایەکی بەهێز دەبێت و لە ناوچەکەدا دەبێتە خاوەن هێزی یەکلاکەرەوە. لە پەیوەندییە ئابووری، بازرگانی و دیپلۆماسییەکاندا بەردەمی واڵا دەکرێ".
 
یەکێکی دیکە لەو بابەتانەی هاتیمئۆغوڵڵاری جەختی لەسەر کردەوە، کشانەوەی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بوو لە چوونیان بۆ ئیمراڵی و گوتی: "ئێمە چوونی جەهەپە بۆ گرتووخانەی ئیمراڵی زۆر بە گرنگ دەزانین و ویستمان لەسەری هەیە. ئەمەمان لە کۆنفرانسەکان، کۆبوونەوە کراوە و داخراوەکان دا بە خۆیان گوتووە".
 
هاوسەرۆکی دەم پارتی نەبوونی ئەندامانی جەهەپە لەو شاندەی دەچێتە لای ئۆجەلان، بە کەموکوڕی وەسفکرد و هیوای خواست بیرکردنەوەیان لەم بابەتەدا بگۆڕن.