سەرۆکی ئیی پارتی: دەبێ جەهەپە لە کۆمیسیۆنی چارەسەری بکشێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئیی پارتی رایگەیاند، دەبێ پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی بکشێتەوە.
لە کۆبووەنەوەی رێکخستنەکانی پارتەکەیدا کە رۆژی یەکشەممە، 23-11-2025، لە پارێزگای ترابزۆنی تورکیا بەرێوەچوو، موساڤات دەرڤیشئۆغڵو، سەرۆکی ئیی پارتی گوتارێکی پێشکێش کرد و تێیدا رەخنەی تووندی لەو کۆمیسیۆنە گرت کە تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێنراوە.
سەرۆکی ئیی پارتی کە پارتەکەی تاکە فراکسیۆنە لەو کۆمیسیۆنە کشاوەتەوە، گوتی: "ئەو کۆمیسیۆنە تەنیا بۆ پیکانی ئامانجە گڵاوەکان دروستکراوە. پارتە سیاسییەکان خراونەتە نێو تەڵەوە و ویست هەیە بۆ ئەوەی بیانکەنە درووشمی پرۆسەکە. بەڵام پارتەکان گوێیان لە ئێمە نەگرت. گوتیان دەڕۆینە ئەوێ و بۆچوونەکانمان دەخەینەڕوو. ئەگەر شتانێکمان بینی کە ئێمە بە قبووڵی نازانین، دژایەتی دەکەین. باشە ئەگەر دژی بوەستیت چییە؟ خۆ ناتوانیت هیچ بگۆڕیت".
سەرۆکی ئیی پارتی نموونەی بە هەڵوێستەکەی جەهەپە هێنایەوە کە لە بابەتی چوونی شاندێکی کۆمیسیۆنەکە دا دەنگی 'نەخێر'ی دا.
دەرڤیشئۆغڵو گوتی: "پارتی گەلی کۆماری دژ وەستا و رایگەیاند کە بەشداری لە سەردانەکەی ئیمراڵی دا ناکات، بەڵام گوتی لە کۆمیسیۆنەکەدا بەردەوام دەبێت. ئۆپۆزیسیۆنێکی گەورە و گران کە نەیتوانی رێگر بێت لە بەردەم چوونە ئیمراڵی، دەبێت لەو کۆمیسیۆنە بکشێتەوە. ئیدی نابێت لەو کۆمیسیۆنە دا بمێنێت. زیاتر لەمە نەبێتە هاوبەشی ئەو ناپاکییە. هەمان گوتەم بۆ پارتەکانی دیکەشە".
رۆژی هەینی 21-11-2025، "کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" لە پەرلەمانی تورکیا بە زۆرینەی 32 دەنگ بڕیاری دا شاندێک بۆ دیداری عەبدوڵڵا ئۆجەلان رەوانەی ئیمراڵی بکات.
لە دەنگدانەکەدا مەهەپە، ئاکپارتی، دەم پارتی و چەند پارتێکی دیکە بە بەڵێ دەنگیان دا، بەڵام جەهەپە بایکۆتی کرد.