شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی لەگەڵ وەزیری داد و سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کۆدەبێتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، ئەمڕۆ لەگەڵ یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا و نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کۆدەبێتەوە.
 
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، ئەمڕۆ سێشەممە 23 ـی کانوونی یەکەمی 2025 کاژێر 10:30 سەردانی یڵماز تونچ و کاژێر 12:30 لە نووسینگەکانیان سەردانی نوعمان کورتوڵموش دەکەن.
 
شاندەکە پێکدێت لە؛ پەروین بوڵدان، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان، میدحەت سانجار، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی روها و ئۆزگور فایق ئەرۆڵ، پارێزەری نووسینگەی یاساییی سەدە.
 
شاندەکە، رۆژی 20 ـی کانوونی یەکەم لە چوارچێوەی سەردانەکانی بۆ لایەنە سیاسییەکان، لە پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ عەبدوڵڵا گولەر، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی)، عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی و ئەفکان ئاڵا، یاریدەدەری سەرۆکی ئاکپارتی کۆببووەوە.
 
میدحەت سانجار، لە دوای کۆبوونەوەکە لە لێدوانێکدا رایگەیاندبوو، "درێژە بە کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ پارتە سیاسییەکان دەدەین. دواتر لەگەڵ وەزیری داد و سەرۆکی پەرلەمان کۆدەبینەوە. پاشان پلانی کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ بەڕێز سەرۆککۆمار هەیە."
 
هێشتا دیار نییە شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی کەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمار و سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی کۆدەبێتەوە.
 
شاندەکە تائێستا سەردانی پارتی پێشکەوتن و دیموکراسی (دەڤا)، پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)، پارتی ئاییندە، پارتی کرێکارانی تورکیا، پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) و پارتی رەنج ـیشی کردووە.
 
دەم پارتی لە پرۆسەی نوێدا چی دەوێت؟
 
چاوەڕوانییەکی زۆر بۆ ئەو رێکخستنە یاساییانە هەیە، کە ژێرخانی یاسایی پرۆسەی نوێی چارەسەری پێکدەهێنن و دەسەڵات بە "تورکیای بێ تیرۆر" ناوی دەبات.
 
دەم پارتی، پرۆسەکە بە "دەرفەتێکی مێژوویی" دەزانێت.
 
لەو راپۆرتەی کە پارتەکە پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کردووە، ئاماژە بەوە کراوە کە قۆناخی نوێی دوای هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بە "پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی" پێناسە کراوە و جەخت لەوە کراوەتەوە کە پێویستە ئەم قۆناخە بنەمایەکی یاسایی هەبێت.
 
لە راپۆرتەکەدا؛ داوای دەرکردنی "یاسای ئاشتی"، کۆتاییهێنان بە دانانی قەییوم، کردنەوەی رێگە بۆ خوێندن بە زمانی دایک، جێبەجێکردنی تەواوەتی بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپا و دادگەی دەستووری و ئازادکردنی زیندانییە سیاسییەکان و دابینکردنی گەرەنتی یاسایی بۆ "مافی هیوا" بۆ ئەو کەسانە کراوە کە سزای زیندانی هەتاهەتایی تووندکراویان بەسەردا سەپێنراوە، بە عەبدوڵڵا ئۆجەلانیشەوە.
 
لە راپۆرتەکەی ئاکپارتیدا، هیچ ئاماژەیەک بە "مافی هیوا" نەکراوە کە لە پێشنیازەکەی مەهەپە و دەم پارتیدا هاتووە.
 
لە راپۆرتەکەدا، ئاماژە بە بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپا یان دادگەی دەستووریش نەکراوە.
 
ئاکپارتی؛ گواستنەوەی بۆ قۆناخی رێکخستنی یاسایی، بە پێشمەرجی "دیاریکردن و پشتڕاستکردنەوەی" چەکدانانی پەکەکە لەلایەن دەسەڵاتە فەرمییەکانەوە گرێداوەتەوە؛ تەنیا پێشنیازی یاسایەکی سەربەخۆ و کاتی کردووە کە "ئەو رێکخراوە دەگرێتەوە کە خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە"؛ لە راپۆرتەکەیدا هیچ دەربڕینێکی روونی نەخستبووەڕوو سەبارەت بە "هەڵگرتنی دانانی قەییوم" کە لە راپۆرتەکانی جەهەپە، دەم پارتی و مەهەپەدا هاتبوو.
 
نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، لە 22ـی کانوونی یەکەم لە چوارچێوەی کارەکانی راپۆرتی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی لەگەڵ نوێنەرانی فراکسیۆنە سیاسییەکان کۆبووەوە.
 
کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کە لە مانگی ئابدا لە پەرلەمانی تورکیا دەستی بە کارەکانی کرد، بۆ دابینکردنی پشتیوانیی کۆمەڵایەتی بۆ پرۆسەی نوێی چارەسەری و دروستکردنی ژێرخانی یاسایی پرۆسەکە دامەزرابوو.
 
کۆمیسیۆنەکە، لەم هەفتەیەوە چووەتە قۆناخی نووسینەوەی کارەکانی بەشێوەی راپۆرت. هەموو ئەو پارتە سیاسییانەی نوێنەریان لە کۆمیسیۆنەکەدا هەیە، پێشنیازەکانیان پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردبوو.
 
بە سەرۆکایەتیی نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و بە بەشداریی ئەندامێک لە هەر پارتێکی سیاسی کە فراکسیۆنی هەیە، دەست بە نووسینەوەی راپۆرتەکە کرا بە لەبەرچاوگرتنی پێشنیازی هەموو پارتەکان.
 
راپۆرتە هاوبەشەکە کە بەپێی پێشنیازەکانی پارتەکان ئامادە دەکرێت، پێشکەشی کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمان دەکرێت و پێشنیازەکانیش وەکو پاشکۆی راپۆرتە هاوبەشەکە دەچنە ناو تۆمارەکانی پەرلەمانەوە.