سری ساکک بۆ هاکان فیدان: جارێکیش سەردانی رۆژئاڤا بکە

رووداو دیجیتاڵ
 
پەرلەمانتارێکی دەم پارتی رەخنە لە وەزیری دەرەوەی تورکیا دەگرێت بەوەی بەردەوام سەردانی شام دەکات، بەڵام ئامادە نییە بچێتە رۆژئاوای کوردستان. دەشڵێت: "ناونیشانی راستەقینەی برایەتی قامیشلۆیە."
 
سری ساکک، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە بازنەی ئاگری، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی ئاراستەی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کرد و نووسیویەتی: "هەموو هەفتەیەک دەچن بۆ شام، جارێکیش بچن بۆ رۆژئاوا، لەگەڵ کورد قسە بکەن."
 
ساکک رەخنە لەو هەڕەشانە دەگرێت کە ئاراستەی رۆژئاوای کوردستان دەکرێن و دەڵێت: "رێگەی پەسندکراو، دیسانەوە هەڕەشەکردن بوو لە کورد لە شامەوە. ئەمە خزمەت بە ئاشتی ناکات. ناونیشانی راستەقینەی برایەتی قامیشلۆیە. پێویست بە پەیوەندییە، نەک هەڕەشە."
 
"پسمامەکەتان چی دەکات؟"
 
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی، هاوپێچ لەگەڵ پۆستەکەیدا گوتارێکی پێشووی خۆی لە پەرلەمانی تورکیا بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا روو لە هاکان فیدان دەکات و دەڵێت: "شوێنی راستەقینە کە پێویستە بچن بۆ لای، لای براکانمانە لە رۆژئاوا. کاتێک دەچمەوە بۆ مووش، دڵنیابن خزم و کەستان لەوێ هەیە و هەمیشە پێم دەڵێن 'پسمامەکەمان' چی دەکات؟ ئینجا روودەکەنە من و دەڵێن 'ئاپۆ چی دەکات؟'."
 
ساکک لە پەیامەکەیدا بۆ فیدان دەشڵێت: "برازاکانتان دەڵێن: مامە، لەجیاتی ئەوەی بچێت بۆ شام، سوێند بەخوا با بچێت بۆ رۆژئاوا. ئێمەش بانگهێشتتان دەکەین، بچن بۆ رۆژئاوا، ئاشتی بکەن و یاسا لەوێ دابمەزرێنن."
 
ئەم لێدوانانەی ساکک لە کاتێکدایە، رۆژی دووشەممە 22-12-2025، شاندێکی باڵای تورکیا بە سەرۆکایەتیی هاکان فیدان و بە بەشداربوونی وەزیری بەرگری و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری (میت) گەیشتنە دیمەشق و لەگەڵ سەرۆکی سووریا کۆبوونەوە.
 
ئەوە چوارەمین سەردانی فەرمیی شاندی باڵای تورکیایە بۆ دیمەشق لەدوای گۆڕانکارییەکانی حکومەتی سووریا.
 
هاکان فیدان لە دیمەشقەوە رایگەیاند، پێویستە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ ئیدارەی دیمەشق رێکبکەون و لەنێو سوپای ئەو وڵاتەدا ئاوێتە بکرێن.
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا هۆکاری نەگەیشتن بە رێککەوتنی گەڕاندەوە بۆ "نەبوونی نیەتێکی جدی" لای هەسەدە و تۆمەتباری کردن بەوەی "هەندێک چالاکیی خۆیان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئیسرائیل دەکەن."