تورکیا؛ کەمترین مووچە 655 دۆلار دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی تورکیا رایگەیاند، کەمترین مووچە بۆ ساڵی 2026، 28 هەزار و 75 لیرەی تورکی دەبێت کە دەکاتە نزیکەی 655 دۆلار.
لیژنەی دەستنیشانکردنی کەمترین مووچەی تورکیا، رۆژی سێشەممە 23-12-2025 سێیەم کۆبوونەوەی سازکرد و دواجار لایەنەکان کەمترین مووچەیان دیاریکرد.
دوای کۆبوونەوەکە، ڤەدات ئشکهان، وەزیری کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی تورکیا بە میدیای وڵاتەکەی گوت:"لە 1ی کانوونی دووەمی 2026ەوە، کەمترین مووچە بە پوختی دەبێتە 28 هەزار و 75 لیرە. کەمترین مووچەی گشتیش(بروت) دەبێتە 33 هەزار و 30 لیرە.
ئشکهان راشیگەیاند، "رێژەی زیادکردنی کەمترین مووچە بەراورد بە پار 27٪ــە. هەروەها بەراورد بە ساڵی 2002، بووەتە 171 هێندە و 251% زیادی کردووە. ساڵی 2025 پاڵپشتیی کەمترین مووچە 1000 لیرە بوو، بۆ ساڵی داهاتوو دەبێتە هەزار و 270 لیرە."
ساڵانە لە تورکیا کەمترین مووچە لە لایەن نوێنەری حکومەت، نوینەری کرێکاران و نوێنەری خاوەنکاران بە هاوئاهەنگی و سازان دیاری دەکرێت.