ئەردۆغان: لە حکومەتی نوێی سووریادا مافی کورد لە باڵاترین ئاستدا دەدرێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، بە نەمانی هێزەکانی سووریای دیموکرات تەواوی ناوچەکە ئاسوودە دەبێت، هەروەها لە حکومەتی نوێی سووریادا مافی کورد لە باڵاترین ئاستدا دەدرێت.
لە پرۆگرامێکی تایبەت بە کردنەوەی چەند پرۆژەیەک لە پارێزگای ئایدن، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گوتارێکی پێشکێشکرد و لەبارەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) گوتی: "کاتێک هەڕەشەی رێکخراوی جوداخواز لە باکووری سووریا بە تەواوی نامێنێت، ناوچەکەمان ئاسوودە دەبێت، نەوەک هەر سووریا".
هەروەها سەرنجی خستە سەر حکومەتی نوێی سووریا و گوتی: "لە شوێنی حکومەتێکی دەست سوور بە خوێنی ملیۆنێک و نیو [مرۆڤ]، حکومەتێک هات کە دۆستی نزیکی تورکیایە. بە سەرکردایەتیی پێداگرانەی سەرۆککۆمار ئەحمەد شەرع و پشتیوانیی بەهێزی وڵاتەکەمان، وا سووریا بە خێرایی خۆی کۆدەکاتەوە. لەدوای 13 ساڵ شەڕ و پێکدادان، ئاسایش و سەقامگیری سەر لە نوێ بەدی دێت".
ئەردۆغان هەروەها باسی بەڕێوەبەری خۆسەر و هەسەدەی کرد و گوتی: "رێکخراوە تیرۆرستییەکان لەو شوێنانەی داگیریان کردووە، لەلایەن سوپای سووریای ئازادەوە هێدی هێدی دەردەکرێن. برا کوردەکانمان کە لە سەردەمی رژێمی پێشوودا تەنانەت بە هاووڵاتیش هەژمار نەدەکرا، ئێستا دەبنە بەشێکی رەسەنی سووریای نوێ و مافەکانیان لە باڵاترین ئاستدا پێدەدرێت".
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها پێداگریی لەسەر بەرەنگاربوونەوەی داعش نیشاندا و گوتی:"رەگ و ریشەی هەموو جۆرەکانی تیرۆر بە تەواوی لە ناوچەکەماندا وشک دەکرێ.
ئەردۆغان رایگەیاند کە تورکیا لە شوێنێکی دروستی مێژوودا وەستاوە و ئەرکی موسڵمانیەتیی بەجێهێناوە و مافی دراوسێیەتیی لەبەر چاوگرتووە کە ئێستا بەرهەمی ئەوە دەچنێتەوە. لە حەلەب، حەما، حومس، عەفرین و ئدلب دا ملیۆنان کەس بە جۆشەوە بە زمانی تورکی قسە دەکەن و باسی تورکیا دەکەن. نزای خێر بۆ ئێمە دەکەن. پەنا بەخوا زۆر باشتریش دەبێت."
دەقی قسەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا
"لە شوێنی حکومەتێکی دەست سوور بە خوێنی ملیۆنێک و نیو، حکومەتێک هات کە دۆستی نزیکی تورکیایە. بە سەرکردایەتیی پێداگرانەی سەرۆککۆمار ئەحمەد شەرع و پشتیوانیی بەهێزی وڵاتەکەمان، وا سووریا بە خێرایی خۆی کۆدەکاتەوە. لەدوای 13 ساڵ شەڕ و پێکدادان، ئاسایش و سەقامگیری سەر لە نوێ بەدی دێت. رێکخراوە تیرۆرستییەکان لەو شوێنانەی داگیریان کردووە، لەلایەن سوپای سووریای ئازادەوە هێدی هێدی دەردەکرێن. برا کوردەکانمان کە لە سەردەمی رژێمی پێشوودا تەنانەت بە هاووڵاتیش هەژمار نەدەکرا، ئێستا دەبنە بەشێکی رەسەنی سووریای نوێ و مافەکانیان لە باڵاترین ئاستدا پێدەدرێت".