سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و هاوسەرۆکانی دەم پارتی کۆدەبنەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە چوارچێوەی راپۆرتی هاوبەشی کۆمیسیۆنی پرۆسەی چارەسەری، سەردانی فراکسیۆنی پارتە سیاسییەکان دەکات و لەگەڵ سەرۆکی ئەو پارتانە کۆدەبێتەوە.
نوعمان کورتوڵموش، ئەمرۆ سێشەممە، 24ـی شوباتی 2026، کاژێر 12:00 سەردانی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)، کاژێر 15:30 خولەک سەردانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) و کاژێر 16:30 خولەکیش لە پەرلەمانی تورکیا سەردانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) دەکات.
کورتوڵموش رۆژی چوارشەممە، 25 ـی شوباتیش سەردانی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) و پارتی رێگەی نوێ دەکات.
پێشبینی دەکرێت بابەتی سەرەکیی کۆبوونەوەکان؛ راپۆرتی هاوبەشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی و هەموارکردنەوە یاساییەکان بن، کە هەفتەی رابردوو لەلایەن پەرلەمانی تورکیاوە پەسند کرا.
چەند رۆژێک لەمەوبەر، فەتی یڵدز، یاریدەدەری سەرۆکی گشتیی مەهەپە رایگەیاندبوو، دوای مانگی رەمەزان دەست بە کار و چالاکییە یاساییە (نوێیەکان) دەکرێت.