دەم پارتی: جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگەی ئەورووپا پێویستی بە یاسای نوێ نییە
رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) رەخنە لە زمانی حکومەت بەرامبەر پرسی کورد دەگرێت و رایدەگەیێنێت، جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگەی ئەورووپا بۆ ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی "بڕیارێکی میزاجییە" و پێویست ناکات بۆ دوای رەمەزان دوابخرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 24-02-2026، تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا گوتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر راپۆرتی کۆمیسیۆنی پەرلەمان بۆ پرۆسەی چارەسەری.
هاتیمئۆغوڵڵاری رەخنەی تووندی لە ناوەڕۆکی راپۆرتەکە گرت و گوتی: "ئەو زمانەی لە راپۆرتەکەدا بەکارهاتووە، زمانی لەبەرکراوی پێشووە، لە کاتێکدا دەبوو زمانی چارەسەری و زمانێکی نوێ بووایە. ئێوە پرسی کورد دەخەنە نێو کەوانەی تیرۆرەوە، بەڵام بەم شێوەیە تەنیا خۆتان دەخەڵەتێنن."
هاوسەرۆکی دەم پارتی پێیوایە مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەی کورد وەک پرسێکی ئەمنی شکستی هێناوە و لەو بارەیەوە گوتی: "هەڵوێستی بینینی پرسی کورد تەنیا وەکو بابەتێکی ئەمنی یان خستنە نێو کەوانەی تیرۆر، قبووڵکراو نییە؛ ئەمە بە واتای نەبینینی ئاگری کۆمەڵایەتی، سیاسی و مێژوویی دێت. ئیدی کاتی ئەوە هاتووە واز لەو سیاسەتە بهێندرێت کە پشتی بە ترسی کورد بەستووە و لە راستییەوە دوورە."
سەبارەت بە چارەنووسی سەڵاحەدین دەمیرتاش، فیگەن یوکسەکداغ، عوسمان کاڤاڵا و جان ئاتاڵای، هاتیمئۆغوڵڵاری جەختی کردەوە کە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگەی ئەورووپا و دادگەی دەستووریی تورکیا هیچ ئاستەنگێکی یاسایی لەبەردەم نییە و گوتی: "پێویست ناکات بۆ هەموارکردنەوەی یاسایی چاوەڕێی دوای مانگی رەمەزان بین. هەندێک پێشنیاز هەن کە پێویستیان بە یاسا نییە. دواخستنی بۆ کاتێکی دیکە بڕیارێکی میزاجییە. دەمیرتاش، یوکسەکداغ، کاڤالا و جان ئاتاڵای بۆچی هێشتا گیراون؟ قەییوم بۆچی هێشتا لە شوێنی سەرۆکی شارەوانییەکانە؟"
لە کۆتایی گوتارەکەیدا، هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە تێبینییان لەسەر راپۆرتەکە هەبووە، بەڵام هەندێک خاڵی ناو راپۆرتەکە کە پەیوەستن بە "چوارچێوەی بەدیموکراتیکردن" گرنگن و دەتوانن ببنە دەرمانی کێشەکانی تورکیا، بە مەرجێک پەرلەمان بەبێ دواکەوتن بەرپرسیارێتییەکانی خۆی لە ئەستۆ بگرێت.
دەقی قسەکانی تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی
ئەو زمانەی لە راپۆرتەکەدا بەکارهاتووە، زمانی لەبەرکراوی پێشووە، بەڵام دەبوو زمانی راپۆرتەکە زمانی چارەسەری بووایە. دەبوو زمانی راپۆرتەکە زمانێکی نوێ بووایە. ئێوە پرسی کورد دەخەنە نێو کەوانەی تیرۆرەوە، بەڵام بەم شێوەیە تەنیا خۆتان دەخەڵەتێنن.
هەڵوێستی بینینی پرسی کورد تەنیا وەکو بابەتێکی ئەمنی یان خستنە نێو کەوانەی تیرۆر، قبووڵکراو نییە. ئەمە بە واتای نەبینینی ئاگری کۆمەڵایەتی، سیاسی و مێژوویی دێت. ئیدی کاتی ئەوە هاتووە واز لەو سیاسەتە بهێندرێت کە پشتی بە ترسی کورد بەستووە و لە راستییەوە دوورە. ئێمە ئەم پرۆسەیە وەکو 'پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک' پێناسە دەکەین.
لە راپۆرتەکەدا تێبینییەکانمان نووسی و وەکو ئۆپۆزیسیۆن شتە ناڕاستەکانمان دەربڕی. بەڵام هەندێک هەموارکردنەوەی یاسایی و چوارچێوەی بەدیموکراتیکردن کە لە راپۆرتەکەدا جێیان گرتووە، گرنگن. ئەو خاڵانە دەتوانن ببنە دەرمانی کێشەکانی تورکیا، ئەگەر پێویستییەکان جێبەجێ بکرێن. پێویست ناکات بۆ هەموارکردنەوەی یاسایی چاوەڕێی دوای مانگی رەمەزان بین. دەبێت بەپەلە پەرلەمان بەرپرسیارێتییەکەی لە ئەستۆ بگرێت. هەندێک پێشنیاز هەن کە پێویستیان بە یاسا نییە. بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگەی ئەوروپا و دادگەی دەستووری هیچ ئاستەنگێک نییە. دواخستنی بۆ کاتێکی دیکە بڕیارێکی میزاجییە. بۆ نموونە دەمیرتاش، یوکسەکداغ، کاڤالا و جان ئاتاڵای بۆچی هێشتا گیراون. قەییوم بۆچی هێشتا لە شوێنی سەرۆکی شارەوانییەکانە."