کابینەی حکومەتی تورکیا جەنگی ئێران و پرۆسەی چارەسەری تاوتوێ دەکات


رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی وەزیرانی تورکیا بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆدەبێتەوە. لە چوارەمین کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتدا لەمساڵدا، پرسی پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورد و لێکەوتەکانی جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل تاوتوێ دەکرێن.
 
بڕیارە کاژێر 15:30ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، 24-03-2026، کابینەی حکومەتی تورکیا لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە ئەنقەرە کۆببێتەوە. کۆبوونەوەکە لە کاتێکی هەستیاردا ساز دەکرێت کە ناوچەکە بەدەست ئاڵۆزییە سەربازییەکانەوە دەناڵێنێت.
 
یەکێک لە تەوەرە هەرە گرنگەکانی کۆبوونەوەکە، پرۆسەی چارەسەریی پرسی کوردە لە باکووری کوردستان و تورکیا. ئەندامانی کابینە هەڵسەنگاندن بۆ ئەو راپۆرت و پێشنیازانە دەکەن کە لەلایەن "کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" ئامادەکراون، هەروەها تاوتوێی ئەو یاسایانە دەکەن کە بڕیارە لە چوارچێوەی پرۆسەکەدا دەربکرێن.
 
لە رووی سیاسی و سەربازییەوە، پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران پشکی شێری گفتوگۆکانی ئەنجوومەنی وەزیران دەبێت. حکومەتی تورکیا هەڵوێستی وڵاتەکەی و کاریگەرییەکانی ئەو جەنگە لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا و دۆخی دیمەشق و ناوچەکە هەڵدەسەنگێنێت.
 
تەوەری سێیەمی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە دۆخی ئابووری. بڕیارە حکومەت باس لە رێکارە نوێیەکانی بەرەنگاربوونەوەی هەڵاوسان و ئەو پاکێجە داراییانە بکات کە وەک پاڵپشتیی کۆمەڵایەتی پێشکەشی هاووڵاتییان دەکرێن، تاوەکو رێگری لە زیاتر دابەزینی هێزی کڕینی خەڵک بکرێت.
 
چاوەڕوان دەکرێت دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، وردەکاریی بڕیارەکان و هەڵوێستی حکومەتەکەی لەبارەی پرسە نێوخۆیی و ناوچەییەکان بۆ رای گشتی رابگەیێنێت.