باخچەلی: گەلی ئێران دیوارێک لە جەستەیان بەرامبەر هێرشەکان دروستکرد

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) دەڵێت، گەلی ئێران ئێران دیوارێک لە جەستەیان لەبەرامبەر هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دروستکردووە و دەرکەوتووە کە بەبێ هەڵوەشاندنەوەی گەلێک و نەتەوەیەک لە ناوخۆوە، هیچ هێزێک دەرفەتی سەرکەوتنی نییە.
 
دەوڵەت باخچەلی ئەمڕۆ سێشەممە 24ی ئاداری 2026 لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا گوتارێکی پێشکێشکرد، لە بەشێکی قسەکانیدا باسی هێرشی ئەمریکا/ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کرد. 
 
باخچەلی گوتی، "لەوەتەی 28ی شوباتەوە، دەرکەوتووە کە ئێران پاروویەکی ئاسان نییە. گەلی یەکگرتووی ئێران لە بەرامبەر هێرشەکاندا دیوارێکی گۆشتنیان دروستکرد. بینراوە کە بەبێ هەڵوەشاندنەوەی گەلێک، نەتەوەیەک لە ناوخۆوە، هیچ هێزێک دەرفەتی سەرکەوتنی نییە."
 
باخچەلی رەخنەی تووند لەو لایەنانە دەگرێت کە دژی پرۆسەی چارەسەرین و گوتی، "ئەوانەی گاڵتەیان بە تورکیای بێ تیرۆر دەکرد، ئێستا لە کون و قوژبندا خۆیان حەشارداوە. وەک ئەو کەروێشکەی لایتی بارهەڵگری بەرکەوتبێت، لە جێی خۆیان وشک بوون. بەڵام ئێمە نامانەوێت ئەوان هەر وا وشک بن، بەڵکو دەمانەوێت شان بدەنە بەر سەدەی تورکیا. چاوەڕێین بۆ تورکیایەک کە سەردەمی زێڕینی دیپلۆماسی بەڕێدەکات، بکەونە جووڵە. تورکیای بێ تیرۆر، بەهاری برایەتیی تورک و کوردە. ئەو بووکەڵەسوڕێنەرانەی لە نێوماندا بوون دەریان دەکەین. تورک و کورد نیشانەی برایەتییەکن کە تێکناچێت. هەموومان کۆماری تورکیاین."
 
'یاسای نێودەوڵەتی بووەتە پەڕۆ'
 
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) هێرشی کردە سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەهۆی بێدەنگبوونیان بەرامبەر هێرشەکانی سەر ئێران.
 
سەرۆکی مەهەپە گوتی، "یاسای نێودەوڵەتی بووەتە پەڕۆ. بەهۆی هێرشە نادادپەروەرانەکانەوە جوگرافیای دراوسێمان تۆز و دووکەڵی لێ هەستاوە. کردنەئامانجی دامەزراوە ئەتۆمییەکان گرژییەکانی زیاتر کردووە. قەیرانی وزە لە بەردەرگایە. شەڕ بەرەو خاڵێکی پێشبینینەکراو دەڕوات."