پەرلەمانی تورکیا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لەبارەی هێرشەکانی سەر قوتابخانەکان پێکهێنا

رووداو دیجیتاڵ
 
پەرلەمانی تورکیا لیژنەیەکی لێکۆلینەوەی لە بارەی هێرشکردنە سەر قوتابخانەکانی رووها و مەڕەشی باکووری کوردستان پێکهێندرا، بڕیاری پێکهێنانی لیژنەکەش ئەمڕۆ هەینی 24 ـی نیسانی 2026 لە رۆژنامەی فەرمی ئەو وڵاتەدا بڵاوکرایەوە.
 
لیژنەکە لە 22 ئەندام پێکدێت و ماوەی کارکردنی 3 مانگ دەبێت، کە لە رۆژی هەڵبژاردنی سەرۆک، جێگری سەرۆک، گوتەبێژ و سکرتێری لیژنەکەوە دەستپێدەکات.
 
بە پێی بڕیارەکە، لیژنەکە ئەگەر پێویست بکات، دەتوانێت لە دەرەوەی ئەنقەرەش کار بکات.
 
لە رووها و مەڕەش چی روویدا؟
 
رۆژی سێشەممە 14ـی نیسانی 2026، لە شارۆچکەی سوێرەگ سەر بە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان هێرشکارێکی تەمەن 19 ساڵ بە ناوی (عومەر کەت) کە پێشتر لە ئامادەیی پیشەیی و تەکنیکیی ئەنادۆڵی ئەحمەد کۆیونجو قوتابی بوو، هێرشی کردە سەر قوتابخانەکە و بە ‌هەڕەمەکی دەستڕێژی گوللەی لە قوتابی و مامۆستایانی قوتابخانەکە کرد و دواتر خۆی کوشت. 
 
لە ئەنجامی تەقەکردنەکە 16 کەس بریندار بوون، کە چوار مامۆستا، 10 قوتابی، کارمەندێكی قوتابخانەکە و پۆلیسێک بوون. 
 
رۆژی دواتر لە 15ـی نیساندا، قوتابییەکی پۆلی هەشتی قوتابخانەی ناوەندیی ئایسەل چاڵک بە ناوی عیسا ئاراس مەرسینلی، تەمەن 14 ساڵ، بە پێنج چەک و حەوت فیشەکدانی پڕەوە چووە نێو دوو پۆلی قوتابییانی پۆلی پێنج و دەستڕێژی لێکردن.
 
لە هێرشەکەدا مامۆستایەک و 10 قوتابی کوژران و 19 ـی دیکەش برینداربوون. 
 
هێرشەکانی سەر قوتابخانەکانی مەڕەش و رووها، لەنێو خەڵک و دامەزراوەکانی پەروەردە و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی سڤیلدا کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیاندا هێنا و بوونە هۆی شۆکێک لە سەرانسەری باکووری کوردستان و تورکیادا.
 
بەرپرسانی وەزارەتی پەروەردەی تورکیا دوای هێرشەکە رایانگەیاند، بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی قوتابخانەکان نەخشەڕێگەیەکی نوێ ئامادە دەکەن.