باخچەلی لەبارەی ئازادکردنی دەمیرتاشەوە: خاوەنی قسەی خۆمانین

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)، لەبارەی بانگەوازەکەی بۆ سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە، رایگەیاند، "ئێوە ئێمە ناناسن. ئێمە خەسڵەتێکمان هەیە؛ خاوەنی قسەی خۆمانین."
 
دەوڵەت باخچەلی، رۆژی پێنجشەممە 23ـی نیسانی 2026 لە ئەنقەرە لە ئاهەنگێکی فەرمی کە بەبۆنەی 23ـی نیسان، رۆژی سەروەریی نیشتمانی و منداڵان و 106یەمین ساڵیادی دامەزراندنی پەرلەمانی تورکیا لە پەرلەمان رێکخرابوو، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە.
 
باخچەلی، هەڵسەنگاندنی بۆ پرۆسەی نوێی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا کرد کە بە 'تورکیایەکی بێ تیرۆر' ناوی دەبەن.
  
کاتێک بانگەوازەکەی لەبارەی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپەی بیرخرایەوە، کە زیاتر لە نۆ ساڵە لە گرتووخانەی ئەدیرنە زیندانییە، باخچەلی گوتی، "ئێوە ئێمە ناناسن. ئێمە خەسڵەتێکمان هەیە؛ خاوەنی قسەی خۆمانین."
 
رۆژی سێشەممە 3ی شوباتی 2026، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، "تاوەکو ئەو کاتەی ئۆجەلان بە مافی هیوا و دەمیرتاش بە لانەی خۆی شاد دەبێتەوە، بڕیاری ئێمە روونە."
 
ئەو دۆسیەیەی کە دەمیرتاش و هاوڕێکانی لەسەری دادگاییکران، بە دۆسیەی کۆبانێ ناسراوە. ئەمەش دوای ئەوەی رێکخراوی داعش لە ئەیلوولی 2014 هێرشی کردە سەر کۆبانێ لە رۆژئاڤای کوردستان، ئەوکات لە باکووری کوردستان داوای پشتیوانی بۆ کۆبانێ کرا.
 
یەکەم لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوەکانی کۆبانێ لە ساڵی 2014 دەستیپێکرد.
 
ژمارەیەک لە سیاسەتڤانانی هەدەپە بە تۆمەتەکانی وەکو "کوشتنی بەئەنقەست"، "تاڵانکردن"، "بریندارکردنی کارمەندی کەرتی گشتی بە چەک"، "سووتاندنی ئاڵا" و "تێکدانی یەکێتیی دەوڵەت و یەکپارچەیی وڵات" دادگایی کران. 
 
دەمیرتاش لە تشرینی دووەمی 2016 دەستگیر کرا.
 
ئەو سکاڵانامەیەی لەلایەن سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئەنقەرەوە ئامادەکرابوو، لە 7ی کانوونی دووەمی 2021 لەلایەن دادگەی 22ـەمینی سزا قورسەکانی ئەنقەرەوە پەسند کرا و لە 26ـی نیسانی 2021 یەکەم دانیشتنی دادگەییکردنەکە بەڕێوەچوو.
 
لە دۆسیەکەدا 108 سیاسەتڤانی کورد دادگەییکران و تەنیا 12 کەسیان بێتاوان دەرچوون.
 
لە 15ـی ئایاری 2024، سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکانی پێشووتری هەدەپە، سزای 42 ساڵ و 30 ساڵ و 3 مانگ زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنرا.