سەرۆکی پارتی زافەر پشتگیری لە کڵچدارئۆغڵو دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

ئومیت ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی زافەر کە پارتەکەی پێکهێنەرێکی هاوپەیمانیی ئاتایە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەش لەگەڵ کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی جەهەپە و بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت کە بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 24-5-2023 لە بارەگای پارتەکەی بەرێوەچوو، پشتگیریی پارتەکەی بۆ کڵچدارئۆغڵو راگەیاند.
 
لە سەرەتای کۆنفرانسەکەدا کڵچدارئۆغڵو باسی لە کۆبوونەوەی خۆی و ئومیت ئۆزداغ کرد و بە کۆبوونەوەیەکی بەرهەمدار بۆ تورکیا ناوی برد. 
 
ئومیت ئۆزداغ لە سەرەتای گوتەکانیدا رایگەیاند، 13 ملیۆن پەناخواز و کۆچبەر لە تورکیادا هەن و ئەوانی بە گرنگترین کێشەی وڵاتەکە ناوبرد و گوتی، "تاوەکو ئەو پەناخواز و قاچاخانە نەگەڕێنرێنەوە وڵاتەکانیان، کێشەی ئابووریی وڵات چارەسەر نابێت. ساڵانە بە خەرجکردنی 11 ملیار دۆلار بۆ پەناخوازان، ناتوانین گەلی تورک لە هەژاری رزگار بکەین؛ ناتوانین رێگە لە بەرزبوونەوەی کرێ بگرین. بە فرۆشتنی وڵاتینامە ناتوانین زەمینەسازی بکەین تا گەلی تورک بتوانن ببنە خاوەن موڵکی خۆیان؛ ناشتوانین ئاسایشی کۆڵانەکانمان بپارێزین و کار بۆ رۆڵەکانمان بدۆزینەوە." 
 
ئۆزداغ باسی لەوە کرد لە کاتی بانگەشە بۆ هەڵبژاردنەکەی 14ی ئایاردا داوایان لە خەڵک کرد پشتگیرییان بکەن تا بتوانن پەناخواز و کۆچبەرانی وڵاتەکە بگەڕێننەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی پارتەکەیان تازە بووە و گەمارۆی میدیاییان لەسەر بووە، نەیانتوانیوە بەگوێرەی پێویست بە خەڵک بگەن. 
 
سەبارەت بە دیدار و وتوێژیان لەگەڵ هەردوو هاوپەیمانییە سەرەکییەکەی تورکیا، ئۆزداغ گوتی،"بریکاری سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی کاک نومان سەردانی کردین. داوای پشتیوانییان لە ئێمە کرد. لێمان پرسی لە بابەتی پەناخوازاندا بیر لە چی دەکەنەوە؟ ئەوەی ئەو باسی لێوە کرد، گەڕاندنەوەی پەناخوازانی تێدا نەبوو. لەگەڵ کاک کەمال دیدارمان کرد. کاک کەمال بە شێوەیەکی روون و ئاشکرا باسی لەوە کرد کە پێویستە و سیاسەتیان وایە پەناخوازان بگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکانیان. باسمان لە وردەکاریی ئەو سیاسەتە کرد. هاوڕا بووین لەسەر پلانێک کە لەلایەن پارتی زافەرەوە پێشنیازکراوە و لە ماوەی ساڵێکدا و بە شێوەیەکی گونجاو و بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و چاودێریی لایەنی نێودەوڵەتی، سووریاییەکان دەگەڕێندرێنەوە وڵاتەکەیان و لەوێ ئاسایشیان دەستەبەر دەکرێت، بەڵام بە جۆرێک ئەو بارگرانییەی لەسەر ئابووریی تورکیا دروستبووە، نەمێنێت؛ بە جۆرێک دووبارە ئاسایش بۆ کۆڵانەکانمان دەگەڕێنینەوە و رێگریش لە چەتەکانی فرۆشتنی مادەی هۆشبەر دەکەین. هەر لەبەر ئەمانەش بڕیارماندا وەکو پارتی زافەر لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماریی تورکیادا پشتیوانیی لە بەرێز کڵچدارئۆغڵو بکەین." 
 
ئومیت ئۆزداغ هەروەها داوای لە هەموو دەنگدەران کرد ئەگەر دەیانەوێ تورکیا وەکو تورکیا بمینێتەوە و نەبێتە شوێنی کۆچبەران و وڵات لە ئاسایشدا بێت، دەنگ بە کڵچدارئۆغڵو بدەن.
 
ئەمە لەکاتێکدایە ئێوارەی رۆژی دووشەممە 22-5-2023 سینان ئۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی ئاتا کە لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیادا 5.1٪ی دەنگەکانی بردەوە، پشتگیریی خۆی بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان لە گەڕی دووەم راگەیاند. 
 
ئۆغان کە رۆژی هەینی 19-5-2023 لەگەڵ ئەردۆغان کۆببووەوە، لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی: "هاوپەیمانیی میللەت ماوەی 20 ساڵە نەیتوانیوە سەرکەوتنێکی ئەوتۆ بەدەستبهێنێت؛ هەروەها نەیتوانی لەبارەی داهاتووی وڵاتەکەمان دڵنیایی بە لایەنی ئێمە بدات. لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە کە زۆرینەی پەرلەمانی نەبردووەتەوە." 
 
لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیادا رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور بۆ پۆستی سەرۆککۆماری 49.54٪ رێژەی دەنگەکانی بردەوە. هەروەها کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت رێژەی 44.85٪ی دەنگەکانی بردەوە. بەگوێرەی چوارەمین بڕگەی یاسای ژمارە 6271، لەبەر ئەوەی هیچ یەک لە بەربژێران رێژەی پێویستیان بەدەست نەهێناوە کە 50+1٪ی دەنگەکانە، رۆژی 28-5-2023 گەڕی دووەمی هەڵبژاردن بۆ دەنگدان بە هەردوو بەربژێری سەرۆککۆمار بەرێوەدەچێت.