گرژی لە نێوان لایەنگرانی کڵچدارئۆغڵو و ئۆزەل دروستبوو
رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، بارەگای گشتیی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لەلایەن پۆلیسەوە گەمارۆدراوە و گرژی لە نێوان هەردوو بەرەی کەمال کڵچدارئۆغڵو و ئۆزگور ئۆزەل دروستبووە. پارێزەری کڵچدارئۆغڵو داوا دەکات پۆلیس بارەگاکەیان رادەست بکاتەوە، ئۆزگور ئۆزەلیش دەڵێت: "کەسانێک بە چەک و چەقۆوە هاتوونەتە بەردەم بارەگاکە."
ئەمڕۆ یەکشەممە، 24ـی ئایاری 2026، جموجۆڵێکی نائاسایی لە بەردەم بارەگای گشتیی جەهەپە روویدا. ئەوانەی لە نێو بارەگاکەدا بوون (لایەنگرانی ئۆزگور ئۆزەل) دەرگاکانیان کڵۆم دا و لە بەرامبەریشدا لایەنگرانی کڵچدارئۆغڵو لە بەردەم بارەگاکە کۆبوونەوە.
جەلال چەلیک، پارێزەری کەمال کڵچدارئۆغڵو کە دادگە بڕیاری گەڕاندنەوەی بۆ پۆستی سەرۆکی گشتی دابوو، داوایەکی فەرمی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئەنقەرە کرد و داوای کرد بارەگای گشتیی جەهەپەیان رادەست بکرێت.
چەلیک لە داواکارییەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، رێگە تەنانەت بە پەرلەمانتارانیش نەدراوە بچنە نێو بارەگاکە، بۆیە پێویستە پۆلیس رێکاری یاسایی بگرێتەبەر بۆ چۆڵکردنی باڵەخانەکە و جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگە.
دوابەدوای ئەم داواکارییە، پۆلیسی ئەنقەرە سەرجەم ئەو شەقامانەی دەچنەوە سەر بارەگای جەهەپە داخست و بە دانانی بەربەست، ناوچەکەی گەمارۆدا.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی جەهەپە (کە بەپێی بڕیارەکەی دادگە پۆستەکەی هەڵوەشاوەتەوە) رایگەیاند: "ئەمڕۆ بەیانی کاژێر 07:00 بینیمان ژمارەیەک کەس کە پێمانوایە چەک و چەقۆیان پێیە و ئەندامی جەهەپە نین، هاتوونەتە بەردەم بارەگاکەمان." ئۆزەل ئاماژەی بەوەش کرد کە شەوی رابردوو لەگەڵ کڵچدارئۆغڵو قسەی کردووە بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە هێمنی بەڕێوەبچێت.
هاوکات موراد ئەمیر، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە، ئەو هەنگاوەی بە "هەوڵێک بۆ دروستکردنی وێنای شەڕی ناوخۆیی پارت" ناوبرد و گوتی، هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی فەرمییان بۆ چۆڵکردنی بارەگاکە بەدەست نەگەیشتووە.
کەمال کڵچدارئۆغڵو لە راگەیێندراوێکدا داوای لە لایەنگرانی کرد "دووربکەونەوە لە هەر رەفتارێک کە دژی دیسپلینی حیزبی بێت"، بەڵام جەختی کردەوە کە رێکاری پێویست بەرامبەر ئەوانە دەگیرێتەبەر کە پێچەوانەی فەرمانەکان و بڕیاری دادگە دەجووڵێنەوە.
لەلایەکی دیکەوە، ژمارەیەک پەرلەمانتاری جەهەپە کە پێشتر بە نزیک لە کڵچدارئۆغڵو دادەنران، وەک ئەنگین ئاڵتای و عەلی ئۆزتونچ، نیگەرانیی خۆیان لە چوونی پۆلیس بۆ بارەگای حیزبەکە دەربڕی و رایانگەیاند: "ئەوە راست نییە لە رێگەی پۆلیسەوە هەوڵی چوونەژوورەوە بۆ بارەگای گشتی بدرێت."
ئەم ئاڵۆزییانە دوای ئەوە دێن کە رۆژی پێنجشەممە، 21ـی ئایاری 2026، دادگەی هەرێمی لە ئەنقەرە 38ـەمین کۆنگرەی جەهەپەی بە "پووچەڵ" هەژمارکرد و بڕیاری دا کەمال کڵچدارئۆغڵو و دەستەی بەڕێوەبردنی پێشوو بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.
هاوکات لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە تۆمەتی "کڕینی دەنگی ئەندامانی کۆنگرە"، نۆ کەس بە بڕیاری دادگە خرانە زیندانەوە، کە تۆمەتبارن بەوەی لە بەرامبەر پێدانی پارە و دامەزراندن لە شارەوانییەکان، دەنگیان بە ئۆزگور ئۆزەل داوە.