باخچەلی: ئیسرائیل دەیەوێت پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر تێکبدات


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی-مەهەپە دەڵێت، ئیسرائیل بە هێرشکردنە سەر ئێران دەیەوێت کۆمەڵکوژیی غەززە لەبیرببات و پرۆسەی "تورکیای بێ تیرۆر" تێکبدات. دەشڵێت، ئەو بۆمبانەی لە تاران دەدرێن، کاریگەری لەسەر ئەنقەرە دەبێت. 
 
دەوڵەت باخچەلی ئەمڕۆ سێشەممە، 24 ـی حوزەیرانی 2025، دوای پێنج مانگ، بەشداریی کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان کرد، لە کۆبوونەوەکەدا هێرشی تووندی کردە سەر ئیسرائیل و رایگەیاند: "ئیسرائیل یاسا نێودەوڵەتییەکانی پێشێل کردووە و بووەتە دەوڵەتێکی تیرۆریست".
 
سەرۆکی مەهەپە باسی پرۆسەی چارەسەری کرد و گوتی: "داوا و بڕیاری ئێمە تورکیایەکی بێ تیرۆرە. ئەگەر ئاسایشی وڵاتەکەمان بکەوێتە مەترسییەوە، ئێمە وەڵامی پرسیاری 'کێ دێتە پێشمان' بە باشی دەزانین."
 
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
 
رۆژی 12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
 
دەوڵەت باخچەلی کە 04-02-2025 لەکاتی بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتەکەی، تەندروستیی تێکچوو و بەپەلە رەوانەی نەخۆشخانەیەکی ئەنقەرە کرا. دواتر نەشتەگەریی بۆ کرا و دەمەوانەی دڵی گۆڕدرا.