ئەکرەم ئیمامئۆغڵو بە تۆمەتی سیخوڕی دادگایی دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ، تۆمەتی "سیخوڕی" درایە پاڵ ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵی جەهەپە و هەریەک لە رۆژنامەڤانان نەجاتی ئۆزکان و مەردان یانارداغ دامەزرێنەری تەلەڤزیۆنی Tele1.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە ئیستەنبووڵ هەڵیانکوتایە سەر ناوەندی تەلەڤزیۆنی Tele1 و مەردان یانارداغ دەستبەسەرکرا.
بەگوێرەی راگەیێندراوی فەرمی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی ئیستەنبووڵ، لە رێگەی بەرنامەی "ئەستەنبووڵ هی تۆیە" زانیاریی کەسیی 4.7 ملیۆن کەس بە دوو وڵاتی بیانی دراوە و زانیاریی 3.7 ملیۆن کەسیش لە رێگەی "دارک وێب"ـەوە فرۆشراون.
لە راگەیێندراوەکەدا کە بەیانی ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەش کراوە، دوای لێکۆڵینەوەکان، بڕیاری دەستبەسەرکردن بۆ 13 کەس بە تۆمەتی "بەدەستهێنانی زانیاریی کەسی بە شێوەیەکی نایاسایی، ئەندامبوون لە رێکخراوی تاوانی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو" دەرکراوە.