یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە: پەروەردە بە زمانی دایک قبووڵکراو نییە
رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆکی پارتیی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رایگەیاند، ئەوان دژی فێرکردنی زمانی دایک نین، بەڵام پەروەردە بە زمانی دایک قبووڵکراو نییە، "چونکە یەکێتیی نەتەوەیی پارچە دەکات."
فەتی یڵدز، یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە سۆشیاڵمیدیا، سەبارەت بە مشتومڕەکانی سەر زمانی کوردی و پەروەردە بە زمانی دایک، نووسینێکی بە ناونیشانی "با هەموومان دژی تەڵەکە ئاگادار بین" بڵاوکردەوە.
یڵدز دەڵێت: "گرنگترین تایبەتمەندیی دەوڵەتی نەتەوەیی یەکپارچە، بوونی زمانێکی فەرمی و یەک زمانی پەروەردەیە، بەڵام ئەم راستییە بۆ تواندنەوەی ناسنامە و گرووپەکانی دیکە نییە، بەڵکو بۆ دابینکردنی پەیوەندیی هاوبەشە. زمانەکانی دایک، لە چوارچێوەی کولتووردان. زمانی فەرمیش، ئامرازی بواری گشتی و یەکێتیی سیاسییە. زمانی فەرمیی تورکیا، زمانی دەستووری و زمانی هاوبەش، زمانی تورکییە."
زمانی کوردی لە تورکیا و باکووری کوردستان لە هەفتەی رابردووەوە جارێکی دیکە بووەوە رۆژەڤێکی گەرم، ئەمەش دوای نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە ئامەد پارچە شیعرێکی بە زمانی کوردی خوێندەوە، لەسەر ئەمە هێرشێکی تووندی کرایە سەر.
یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە بانگەشەی ئەوەی کرد کە لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهاندا، پەروەردە بە زمانی بیانی یان بە زمانی دایک نییە و گوتی: "زمانی زانست و پەروەردەی وڵاتێک، زمانی فەرمیی ئەو وڵاتەیە. پەروەردە بە زمانی بیانی تەنیا لە وڵاتانی داگیرکراو یان ئەوانەی لەژێر داگیرکاریدان و پەروەردە بە زمانی دایکیش تەنیا لە سیستمی فیدراڵیدا شێوازێکی پەروەردەیە."
کوردی باکووری کوردستان، کە ساڵانێکە لە مافی پەروەردە بە زمانی دایک بێبەشن و لە تورکیا زۆرجار رێگریان لێ دەکرێت بە زمانی خۆیان قسە بکەن، هیوادارن لەم قۆناخی چارەسەرییەدا زمانی کوردی ببێتە فەرمی و منداڵەکانیان بە زمانی دایکی خۆیان پەروەردە بکرێن.
یاریدەدەرەکەی دەوڵەت باخچەلی رایگەیاند، فێرکردن و فێربوونی زمانی دایک، مافێکی مرۆییە و لەگەڵ لەدایکبوون بەدەستهێنراوە، گوتی: "هەموو کەسێک بە شێوەیەکی سرووشتی فێری زمانی دایکی خۆی دەبێت و لە ژیانی رۆژانەیدا بەکاریدەهێنێت. لە یاساکانماندا ئێستا لەو بوارەدا هیچ رێگرییەک نییە."
فەتی یڵدز دەشڵێت: "بەپێی تێگەیشتنی ئێمە، دژایەتیکردنی فێرکردن بە زمانی دایک، بە سووکترین شێوە شەرمە. بەڵێ بۆ فێرکردنی زمانی دایک، بەڵام خوێندن بە زمانی دایک کە یەکێتیی نەتەوەییمان پارچە دەکات، قبووڵ ناکرێت."
جێگری سەرۆکی مەهەپە، لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لەسەر تاکزمانیی کۆماری تورکیا کردەوە و گوتی: "تورکییە جوانەکەی ئێمە لە رووی پێکهاتە و بنیادەوە یەکێکە لە مۆدێرنترین زمانەکان، لە رووی ئاواز و شێوازەوە یەکێکە لە شیرینترین زمانەکان، لە رووی دەنگ و گۆکردنیشەوە یەکێکە لە خۆشترین و شیرینترین زمانەکانی جیهان. زمانی فەرمی، زمانی دەستووری، زمانی هاوبەشی تورکیایە."
قسەکانی فەتی یڵدز لە کاتێکدایە، هەفتەی رابردوو تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند: "ئێمە مافی خوێندن بە زمانی دایکمان دەوێت."
بەپێی ماددەی سێیەمی دەستووری تورکیا، تورکی تاکە زمانی فەرمیی کۆماری تورکیایە. ملیۆنان کوردی باکووری کوردستان چاوەڕێن لە پرۆسەی چارەسەریدا زمانی ئەوانیش ببێتە زمانی فەرمی و منداڵەکانیان لە قوتابخانەکان بە زمانی کوردی بخوێنن کە ئێستا تەنیا وەکو وانەیەکی هەڵبژاردە هەیە.