ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لە بۆدرومی تورکیا خنکان بۆ 14 کەس بەرزبووەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
لە سنوورە ئاوییەکانی پارێزگای موغڵای تورکیا، بەلەمێکی کۆچبەران ژێرئاو کەوت. سەرەتا تەرمی حەوت کۆچبەر دۆزرانەوە، بەڵام دواتر تەرمی حەوتی دیکەش دەرکەوتن.
 
رووداوەکە ئەمڕۆ هەینی 24 ـی تشرینی یەکەمی 2025 لە کەناراوەکانی ئۆرتاکەنت سەر بە شارۆچکەی بۆدروم روویدا.
 
بەلەمێک کە ژمارەیەک کۆچبەری نایاسایی دەگواستەوە ژێرئاو کەوت. دوای رووداوەکە تیمەکانی ئاسایشی کەناراوەکان و تیمی ژێردەریایی گەیشتنە شوێنی رووداوەکە.
 
پارێزگای موغڵا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، کاژێر 01:06 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی 24ـی تشرینی یەکەم، سەنتەری فریاکەوتنی 112 ئاگادار کراوەتەوە کە کەسێکی بە رەگەز ئەفغانی لە ناوچەی ئادابورنو سەر بە شارۆچکەی بۆدروم لەسەر بەردەڵانێکی کەناراو داوای یارمەتی کردووە. لەسەر بنەمای ئاگادارکردنەوەکە، چوار بەلەمی پاراستنی کەناراوەکان و تیمێکی (غەواس)ـی پاراستنی کەناراوەکان رەوانەی ناوچەکە کراون.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەو کەسەی داوای یارمەتیی کردووە گوتوویەتی ژمارەیان 18 کۆچبەر بووە،  لە ناوچەی بیتەزەوە بە بەلەمێکی لاستیکی چوونەتە نێو دەریا، دوای نزیکەی 10 خولەک بەلەمەکە ئاوی تێچووە و ژێرئاو کەوتووە، دوای نزیکەی شەش کاژێر مەلەکردن گەیشتووەتە کەنار.
 
پارێزگای موغڵا لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی بەوەدا، لە ئەنجامی کارەکانی تیمەکاندا دوو کۆچبەری نایاسایی بە زیندوویی رزگارکران، کە یەکێکیان بە مەلەکردن خۆی گەیاندبووە دوورگەی چەلەبی. هەروەها تیمەکان تەرمی 14 کۆچبەریان دۆزییەوە. ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و رزگارکردن بۆ دۆزینەوەی کۆچبەرە بێسەروشوێنەکان بەردەوامە.