ئەردۆغان: بە رووداوەکانی دیاربەکر دڵگران بووین

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، بەهۆی رووداوەکانی ئامەدەوە دڵگران بوون و ئەم هەفتەیە ئەو بابەتانە لەگەڵ شاندی ئیمراڵی دەم پارتی تاوتوێ دەکەن.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند ئەمڕۆ هەینی 24ـی تشرینی یەکەمی 2025 لە کاتی گەڕانەوەی لە وڵاتانی کەنداو، لەنێو فڕۆکەکەدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە.
 
پرسیار لە ئەردۆغان کرا، "ئایا هەڵوێستی دەم پارتی گۆڕاوە، ئایا تێبینییەکی لەو شێوەیەتان هەیە؟ لە دیاربەکر خۆپێشاندانێکیان کرد و لەوێ قسەی نەشیاو کران. رای ئێوە لەسەر ئەمە چییە؟ ئایا هەڵوێستی سەرەتایی دەم پارتی بەردەوامە یان سستییەک روویداوە؟".
 
ئەردۆغان گوتی: "ئەم هەفتەیە پێشوازی لە شاندی دەم پارتی دەکەین. گفتوگۆ لەبارەی ئەو بابەتە دەکەین. من پێموانییە شاندی دەم پارتی لەنێو ئەو شتە هەڵەیەدا بن و نامەوێت بیریشی لێبکەمەوە. زیاتر لەگەڵ پەروین خانم لەبارەی ئەم بابەتانەوە دیدارمان هەبووە. بەپشتیوانیی خودا، کۆتایی ئەم هەفتەیە لە دیدارەکەماندا جارێکی دیکە گفتوگۆ دەکەین."
 
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بە پرۆسەی چارەسەری کرد و جەختی لەوە کردەوە، سوودی پرۆسەکە تەنیا بۆ ئەوان نییە، "بەڵکو بۆ هەموو تورکیایە. بۆ لاز، تورک و کوردەکانە، واتە  86 ملیۆن کەسە."
 
ئەردۆغان لەبارەی ناوبردنی پۆلیسی ئامەد بە "دووژمن" لەلایەن گەنجانی دەم پارتی، گوتی: "لە کاتێکدا پێمانوابوو تورکیا چووەتە دۆخێکی بێ تیرۆرەوە، بیستنی رووداوی لەو شێوەیە لە دیاربەکرەوە دڵگرانی کردین. دەبێت بەپەلە خۆمان لەو شتانە رزگار بکەین و تورکیایەک دروست بکەین کە ئاشتی، ئارامی و برایەتیی تێدا بێت."
 
ئێوارەی رۆژی شەممە 18ـی تشرینی یەکەمی 2025  ئەنجوومەنی گەنجانی دەم پارتی لە ناوەندی شاری ئامەد رێپێوانێکیان بۆ ئازادیی ئۆجەلان کرد، پۆلیس دەستێوەردانی کرد و بەهۆیەوە ئاڵۆزی دروستبوو.
 
رێپێوانەکە لە پردی عەلی پنارەوە دەستیپێکرد و ئامانجەکەی ئەوە بوو، پۆستەری ئۆجەلان لە بورجی بێنووسەن لە شارۆچکەی سوور لە ناوەندی شاری ئامەد هەڵبواسن، بەڵام پۆلیس رێگری لێکردن. وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر رێگرییەکانی پۆلیس، هەندێک لێدوان لەلایەن گەنجانەوە درابوون. بە پۆلیسیان گوتبوو "دووژمن". 
 
لەنێوان پۆلیس و گەنجاندا گرژی دروست بوو. دوای گرژییەکە، پۆلیس بۆ بڵاوەپێکردن گازی فرمێسکڕێژی بەکارهێنا.