ئەردۆغان لەبارەی پرۆسەی چارەسەری: مێژووییە و هەرگیز پاشەکشە ناکەین

رووداو دیجیتاڵ
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پرۆسەی چارەسەری بە مێژوویی ناودەبات و دەڵێ، هەرگیز پاشەکشە نابێتە جێی باس.
 
میدیای تورکیا بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 24-12-2025 گوتەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیای بڵاوکردەوە کە دوێنێ لە کۆبوونەوەی ناوەندی بڕیار و بەڕێوەبردنی ئاکپارتیدا بە بەرپرسانی راگەیاندبوو.
 
لە کۆبوونەوەکەدا ئەردۆغان پەیامی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری هەبوو کە خۆی بە "تورکیای بێ تیرۆر" ناوی دەبات.
 
سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیا بە پێویستی زانی پرۆسەکە بە هەستیارییەوە بەڕێوەبچێت و گوتی: "بە زمانێکی گشتگیر کە 86 ملیۆن کەس لەخۆ بگرێ، پرۆسەکە روون دەکەینەوە. پێویستە زۆر ورد بین بۆ ئەوەی رێگە نەدەین هیچ درزێک لە دیوارەکانی پارت و دەسەڵاتەکەمان دروست بێت."
 
هەڵوێست و بۆچوونی پارتەکان لەبارەی پرۆسەی چارەسەری یەکێک لە مژارەکانی گوتاری ئەردۆغان بوو بۆ بەرپرسانی پارتەکەی.
 
ئەردۆغان رەخنەی لەو پارتانەی ئۆپۆزیسیۆن گرت کە لە پرۆسەکەدا هاوڕا و هاوکار نین و گوتی: "بینیتان ئۆپۆزیسیۆن هیچ دیدگەیەکی بۆ خەمی خەڵک نییە. کارنامەی ئێمە گەورەکردنی تورکیایە، سەیری هەڵوێستەکانی ئۆپۆزیسیۆن ناکەین و تەنیا سەرنج دەخەینە سەر کارنامە و مژارە راستەقینەکانی وڵات."
 
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، دەمەقاڵێی نێوان مستەفا ڤارانک، پەرلەمانتاری ئاکپارتی و پەرلەمانتارانی جەهەپە لە کاتی پەسندکردنی بودجەی تورکیادا باس کرا. 
 
ئەردۆغان بە توانجەوە رایگەیاند، ڤارانک کەسێکی تووڕەیە و گوتی: "سبەی لە یاریی باسکەدا لە تیپی بەرامبەرمە و رکابەرمە، لەوێ لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکەم."
 
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا زافەر سەراکایا، جێگری سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی بۆ کاروباری پەیوەندییەکانی دەرەوە، راپۆرتێکی پێشکێشکرد.
 
لە راپۆرتەکەدا هاتبوو کە ئەردۆغان لە ساڵی 2025دا 24 گەشتی دەرەوەی کردووە، پێشوازی لە 91 سەرکردە کردووە، 270 دیداری جۆراوجۆری هەبووە و 176 پەیوەندیی تەلەفۆنیشی لەگەڵ سەرکردەی وڵاتان هەبووە.
 
کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کە دوای بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە لە پەرلەمانی تورکیادا پێکهێنراوە و لە مانگی ئابدا دەستی بە کارەکانی کرد، لە 19 کۆبوونەوەدا گوێی لە چین و توێژە جیاوازەکان گرت. 
 
دواتر قۆناخی گوێگرتن کۆتاییهات و پرۆسەکە پێی نایە قۆناخێکی نوێ کە ئامادەکردنی راپۆرتە لەلایەن پارتەکانەوە.
 
سەرجەم لایەنەکان راپۆرتیان پێشکێش کردووە و چاوەڕێ دەکرێ تیمێکی تایبەت راپۆرتی کۆتایی ئامادە بکات و دوای پەسندکردنی لەلایەن ئەندامانی کۆمیسیۆنەوە، پێشکێشی پەرلەمانی تورکیا بکرێ.
 
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتیش رۆژی سێشەممە لەگەڵ پارتەکان، وەزیری داد و سەرۆکی پەرلەمان کۆبووەوە.
 
پەروین بوڵدان بە تۆری میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای ئەو کۆبوونەوانە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆدەبنەوە و دواتریش سەردانی ئیمراڵی دەکەن.