وەزیری ناوخۆی تورکیا: سندووقی رەشی فڕۆکەکە دۆزرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێ، ئامێری تۆمارکردنی دەنگ و سندووقی رەشی ئەو فڕۆکە تایبەتە دۆزرایەوە کە شاندێکی سەربازیی لیبیای هەڵگرتبوو و شەوی رابردوو لە ئەنقەرە کەوتە خوارەوە.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی کانوونی یەکەمی 2025 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە ئەنقەرە گوتی: "کاژێر 02:45 ئامێری تۆمارکردنی دەنگی فڕۆکەکە و کاژێر 03:20یش سندووقی رەش دۆزرایەوە. پرۆسەی لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنیان لەلایەن دامەزراوە پەیوەندیدارەکانەوە دەستیپێکردووە."
یەرلیکایا رایگەیاند: "دوێنێ ئێوارە، کاژێر 20:10 فڕۆکەیەکی جۆری فالکۆن-50 لە فڕۆکەخانەی ئەسەنبۆغای ئەنقەرەوە بەرەو تەرابلووسی لیبیا بەڕێکەوت کە هەریەک لە محەممەد عەلی ئەحمەد حەداد، سوپاسالاری لیبیا و فیتوری غەریبێل، سەرۆکی ئەرکانی هێزە وشکانییەکانی تێدابوو، لەگەڵ پێنج ئەندامی شاندی لیبیا و 3 ئەندامی تیمی فڕۆکەکە، کە کۆی گشتی 8 کەس بوون، فڕۆکەکە کاژێر 20:32 رایگەیاند کە بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە دەگەڕێتەوە. لە کاژێر 20:52 پەیوەندی لەگەڵ فڕۆکەکە لە دەوروبەری شارۆچکەی هایمانا پچڕا".
وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاماژەی بەوەدا، دوای ئەو هەواڵەی گەیشتە ناوەندی پەیوەندیی فریاگوزاریی 112، تیمەکانی جەندرمە، ئافاد، پۆلیس، تەندروستی و تیمەکانی رزگارکردنی پزیشکیی نیشتمانی، دەستبەجێ رەوانەی ناوچەکە کران و کارەکانی گەڕان و رزگارکردن بە هاوئاهەنگی وەزارەتی گواستنەوە و ژێرخان و فەرماندەیی هێزی ئاسمانی دەستیانپێکرد.
یەرلیکایا دەڵێ: "تیمەکانی جەندرمە کە نزیکەی کاژێر 22:00 گەیشتنە شوێنی رووداوەکە، لە پشکنینە سەرەتاییەکاندا پارچەکانی فڕۆکەکەیان دۆزییەوە. لە ئەنجامی کارەکانی گەڕاندا، پاشماوەی فڕۆکەکە لە نزیکەی دوو کیلۆمەتر لە باشووری گوندی کەسیکاڤاک لە شارۆچکەی هیمانا دۆزرایەوە. دوای دۆزینەوەی پاشماوەکان، ئافاد ناوەندێکی هاوئاهەنگی گەڕۆکی لە ناوچەکەدا جێگیرکرد بۆ بەڕێوەبردنی کاریگەرانەی رووداوەکە و هاوئاهەنگی نێوان دامەزراوەکان."
یەرلیکایا هەروەها رایگەیاند: "ناوچەی پاشماوەکان رووبەرەکەی نزیکەی سێ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە. لە ئەنجامی ئەو کارانەی لەلایەن تیمەکانی سەرۆکایەتیی ناوەندی لێکۆڵینەوەی سەلامەتیی گواستنەوەی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و ژێرخان لە شوێنی رووداوەکە ئەنجامدران، کاژێر 02:45 ئامێری تۆمارکردنی دەنگی فڕۆکەکە و کاژێر 03:20یش سندووقی رەش دۆزرایەوە و پرۆسەی لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنیان لەلایەن دامەزراوە پەیوەندیدارەکانەوە دەستیپێکردووە. هەروەها شاندێکی 14 کەسی کە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی لیبیاوە راسپێردرابوون و پێنج کەسیان کەسوکاری گیانلەدەستداوەکانن، لەگەڵ هەشت کەسی راسپێردراو لە وەزارەتی ناوخۆی لیبیا، واتە کۆی گشتی 22 کەس لە تیمی لیبیا، گەیشتوونەتە ئەنقەرە."