ئەردۆغان: جیاوازی لە نێوان تورک، کورد، زازا، عەلەوی و سوننی ناکەین

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، هیچ جیاوازییەک لە نێوان تورک، کورد، زازا، عەلەوی و سوننی ناکەن و باوەش بە تەواوی تورکیادا دەکەن. لەبارەی هەوڵەکانی چارەسەرکردنی پرسی کورد رایگەیاند، هیوادارن بە ئارامی و ئاسانی چارەسەر بکرێت.
 
ئەمڕۆ شەممە 25-1-2025 لە کۆبوونەوەی ئامادەکاری بۆ هەشتەمین کۆنگرەی ئاکپارتی لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان ئەردۆغان گوتارێکی پێشکێشکرد. 
 
ئەردۆغان جەختی لەسەر پێداگری و پێشکەوتنی زیاتری ئاکپارتی کردەوە و بە ئەندامانی پارتەکەی گوت، هەریەکەیان تاکێکی ئەو رێبازەن و نابێت هیچ کات دەستاودەستی دەسەڵات بە گۆڕانکاریی نەرێنی ببینن.
 
ئەردۆغان: تورک، کورد، زازا، عەلەوی و سوننی بەبێ جیاوازی باوەش بە تەواوی تورکیادا دەکەین
 
هەر لەبارەی قۆناخی داهاتوو ئەردۆغان گوتی:"هەروەک چۆن تاوەکو ئەمڕۆ وابووە، لەمەودواش بێ جیاوازی لە نێوان تورک، کورد، زازا، عەلەوی و سوننی، باوەش بە تەواوی تورکیادا دەکەین. رێگە بە جیاکاری لە پێکهاتە، رەگەزپەرستی، زمان، کولتوور، نەژاد و شێوازی ژیان نادەین. دەرفەت نادەین گەلەکەمان ببێتە دوو جەمسەر. تکایە ئەمە لەبیر مەکەن؛ ئێمە وەکو تاکەهیوای گەلەکەمان، لە رێگەیەکی درێژ و تەسکین. بێگومان ئەو کارانەی تاوەکو ئێستا کردوومانن گرنگن، بەڵام بەس نین".
 
ئەردۆغان: بەدوای ئەو ئامانجانەماندا رادەکەین کە سەتان ساڵە حەسرەتی بۆ دەخوازین
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان هەروەها رایگەیاند، ئاکپارتی نەهاتووە بۆ تێپەڕاندنی رۆژ، بەڵکو جەخت لەسەر داهاتوو دەکاتەوە. گوتیشی: "ئێمە بەدوای خەیاڵی خاو نەکەوتووین، بەڵکو بەدوای ئەو ئامانجانەمان رادەکەین کە سەتان ساڵە حەسرەتی بۆ دەخوازین. ئێمە هاوشێوەی ئۆپۆزیسیۆن ئەو تێگەیشتنەمان نییە کە هەڵە و کەموکوڕییەکان بخەینە سەر شانی خەڵک".
 
ئەردۆغان: لە هەڵبژاردنەکانی 2028ـدا زۆر زیاتر لە 50٪ دەنگ دەهێنین
 
سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی گۆڕانکارییەکانی پارتەکەی گوتی: "ئێمە هیچ کاتێک گۆڕانکارییەکانی نێو پارتەکەمان بە گۆڕانی رووکەش نابینین. هەموو کۆنگرەکانمان وەکو پێشبڕکێی گۆڕینی ئاڵا، گۆڕینی ئێشکگری و هەیەجان دەبینین. لە کۆنگرەکانماندا راوێژ بە خەڵک دەکەین و ئەو ستافە هەڵدەبژێرین کە لە قۆناخی داهاتوودا پێشڕەو دەبن."
 
ئەردۆغان هەروەها گوتی: "بەگوێرەی ئەمە ئامانجمان بەمجۆرەیە؛ پەنا بەخوا ساڵی 2028 لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری و پەرلەمانیدا رێژەیەکی زۆر زۆر زیاتر لە 50٪ـی دەنگەکان بەدەستدهێنین. هەروەها ئامادەکاری دەکەین بۆ ئەوەی ساڵی 2029 لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا دوو لەسەر سێی شارەوانییەکان بخەینە ژێر ئاڵای ئاکپارتی و هاوپەیمانیی جمهوور".
 
سەرۆککۆماری تورکیا رووی دەمی لە رێکخستنەکانی پارتەکەی کرد و داوای لێکردن سەردانی تەواوی وان-ییەکان بکەن و هەوڵی ئەوە بدەن ئاکپارتی دەنگی زۆرینە بهێنێت. هەروەها باسی لەوە کرد کە ئەوان لەڕێگەی پرۆژە و خزمەتکردنی خەڵک پارێزگاکە ئەمە دەکەن.
 
ئەردۆغان: تورکیایان دواخست
 
سەرۆککۆماری تورکیا باسی لەوە کرد کە تاوەکو ئەمڕۆ ئەو کەسانەیان هەناسە سارد نەکردووە کە متمانەیان بە ئاکپارتی و هاوپەیمانیی جمهوور کردووە. 
 
ئەردۆغان هەروەها بە بەرپرسان و ئەندامانی پارتەکەی گوت کە پێویستە وریا بن لە دروستبوونی هەر ناکۆکی و ئاشووبێک. "هەروەک دەزانن پێشتر ئێمەیان بە پرسە نێوخۆییەکانمانەوە سەرقاڵکرد و چاودێریی رۆژەڤی خۆیانیان کرد. هەندێک جار بە سیاسەتی ناسنامە، هەندێک جاریش لەڕێی مەزهەب و باوەڕی جیاوازەوە، دیوارانێکیان لە نێوانماندا هەڵچنی کە بلۆکەکەی نەفرەت و دوژمنداری بوو. بەمەش وایانکرد تورکیا کاتی زۆر لەدەست بدات. ویستی گەشەپێدانی تورکیایان لەبار برد. تورکیایان خستە دەرەوەی پێشهاتە ناوچەیی و جیهانییەکان".
 
ئەردۆغان: کات و وزەی تورکیایان بەهەدەردا، بەڵام ئەمجارە بە ئامانجەکانیان ناگەن
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان هەروەها گوتی: "هەوڵماندا نێوانی ئێمە و سەتان ملیۆن لە براکانمان لە 'جوگرافیای دڵ و دەروونمان' تێکبدەن. تاوەکو ئێمە شکستمان خوارد، ئەوان زیاتر بردیانەوە. چەند ئێمە لاواز بووین، ئەوان ئەوەندە بەهێز بوون. چەند ئێمە لە پێشبڕکێکە دوورکەوتینەوە، ئەوان خێراتر بوون. پێداگرین لەسەر ئەوەی جارێکی دیکە ئەمە بەسەر ئەم وڵاتە و ئەم گەلە نەیەت. لە ڕێگەی دەمەقاڵێ و شەڕی نێوخۆییەوە کات و وزەی تورکیایان بەهەدەر دا. بەڵام ئەمجارە ناتوانن بە ئامانجەکانیان بگەن. دوای رزگارکردنی تەواوەتیی وڵاتەکەمان لە بەڵای تیرۆر کە 40 ساڵە خوێنمان دەمژێت،  پەنا بەخوا بە راکردنەوە بەرەو ئامانجەکان دەڕۆین. کاتێک ئەو بەربەستی تیرۆرە دەڕووخێت کە خراوەتە نێوان 85 ملیۆن کەس، پەنا بەخوا تووندتر یەکدی لەباوەش دەگرین و لە دەوری یەکدیدا کۆدەبینەوە. کەڕاستیدا خۆشحاڵم کە دەبینم پارتە سیاسییە جیاوازەکان لەم بابەتەدا هاوهەڵوێستن".
 
بۆچوونی ئەردۆغان لەبارەی هەوڵەکانی چارەسەرکردنی پرسی کورد
 
سەبارەت بەو پرۆسەیەی کە بە پێشنیازی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دەستیپێکرد و دواتریش لەڕێی دیداری شاندێکی دەم پارتی درێژەی پێدرا، ئەردۆغان گوتی: "ئێمە بە هەر جۆرێک بێت ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر بەدی دەهێنین. هیوامان وایە ئەمە بە ئارامی و ئاسانی چارەسەربکرێت. بەڵام لێرەدا ئەگەر بەدوای حسابی جیاوازدا بڕۆن، ئێمە زۆر بە پێداگریی زیاترەوە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەردەوام دەبین".
 
سەرۆککۆماری تورکیا راشیگەیاند، لە ماوەی 22 ساڵی دەسەڵاتی ئەواندا هەنگاوی زۆر گرنگ لە بابەتەکانی ماف و دیموکراسی نراوە.