لە باڵکئەسیری تورکیا فڕۆکەیەکی F-16 تێکشکا
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری بالکئەسیری تورکیا رایگەیاند، فڕۆکەیەکی F-16ی سەر بە فەرماندەیی بنکەی سەرەکیی 9ی ژێتی باڵکئەسیر، لەکاتی ئەرکدا تێکشاوە و فڕۆکەوانەکەشی گیانی لەدەستداوە.
ئیسماعیل ئوستائۆغڵو، پارێزگاری بالکئەسیری تورکیا بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ی شوباتی 2026، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، "فڕۆکەیەکی F-16ی سەر بە فەرماندەیی بنکەی سەرەکیی 9ی ژێتی باڵکئەسیر لەکاتی ئەرکدا لە دەوروبەری کاژێر 00:50 تێکشاوە و فڕۆکەوانێکمان شەهید بووە."
ئاکن گورلەک، وەزیری دادی تورکیا، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆری کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی بالکئەسیر سەبارەت بە رووداوەکە لێکۆڵینەوەی دەستپێکردووە و سەرۆکی داواکاری گشتی، جێگری سەرۆکی داواکاری گشتی و دوو داواکاری گشتی گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە."
وەزارەتی بەرگریی تورکیاش لە روونکردنەوەیەکدا سەبارەت بە رووداوەکە رایگەیاند، هۆکاری کەوتنەخوارەوەکە دوای لێکۆڵینەوەی تیمی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکان دیاری دەکرێت.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، "پەیوەندیی بێتەل و زانیاریی چاودێری لەگەڵ فڕۆکەیەکی F-16 لە فەرماندەیی بنکەی سەرەکیی 9ـی ژێت لە باڵکئەسیر، لە کاژێر 00:56 ـەوە پچڕاوە. لە ئەنجامی هەوڵەکانی گەڕان و رزگارکردن کە دەستبەجێ دەستیانپێکرد، دەرکەوتووە فڕۆکەکەمان تێکشاوە و پاشماوەی فڕۆکەکە دۆزراوەتەوە. فڕۆکەوانەکەمان شەهید بووە. هۆکاری رووداوەکە دوای لێکۆڵینەوەی تیمی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکان دیاری دەکرێت."