سەرۆکی ئیی پارتی بۆ باخچەلی: ئەگەر زۆر حەزت لێیە، ئۆجەلان بکە بە هاوسەرۆکی پارتەکەت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئیی پارتی لەبارەی قسەکانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە کە گوتبووی "پێگە و دۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلان چی دەبێت؟" رایگەیاند، با باخچەلی لۆگۆ و نیشانەی مەهەپە لە یەخەی ئۆجەلان بدات و بیکاتە هاوسەرۆکی مەهەپە.
موساڤات دەرڤیشئۆغڵو، سەرۆکی ئیی پارتی، ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی شوباتی 2026، لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا گوتارێکی پێشکێش کرد.
دەروێشئۆغڵو ئاماژەی بە قسەکانی سەرۆکی مەهەپە کرد و گوتی، ''چی بڵێت بینەرەکانی چەپڵەی بۆ لێدەدەن؛'' لەبارەی پرسی "پێگە و دۆخی ئۆجەلانیش چی دەبێت؟'' داوای لە باخچەلی کرد، ئۆجەلان بکاتە هاوسەرۆکی پارتەکەی.
باخچەلی رۆژی سێشەممە 24 ـی شوباتی 2026 لە گوتارێکدا کە لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا پێشکێشی کرد ئاماژەی بەوەدا، ئەو بۆشاییەی لە دۆخ و پێگەی ئیمراڵیدا هەیە کە خزمەت بە تورکیایەکی بێ ''تیرۆر'' دەکات، چۆن پڕ دەکرێتەوە؟
باخچەلی گوتی، "لە راگەیێندراوی 27ـی شوباتی 2025 ـدا رێبەری دامەزرێنەری پەکەکە، کاریگەری و پشکێکی گەورەی هەیە. ئەم بانگەوازە بەهەمانشێوە کەجەکەش پابەند دەکات. دەبێت دەستبەجێ پێکهاتەی باڵای رێکخراوەکە هەڵبوەشێندرێتەوە. بانگەوازی 27ـی شوبات یەکگرتنێکی دیموکراسییە کە پشتگیری و هاندەری ئامرازە ئاشتیخوازەکانە، کەواتە دەبێ بزانرێ لەمەودوا چۆن مامەڵە لەگەڵ پرسی پێگە و دۆخی رێبەرایەتیی دامەزرێنەری پەکەکە دەکرێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو هەنگاو و رێکخستنانەی کە پلانیان بۆ دانراوە؟"