داودئۆغڵو: لەبەر ئەوەی هاوپەیمانی کڵچدارئۆغڵوم، پوورم دەنگم پێ نادات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی گشتیی پارتی ئاییندە دەڵێت، بەهۆی ئەوەی لەگەڵ پارتی گەلی کۆماری - جەهەپە هاوپەیمانە، پووری دەنگی پێنادات.
لە بەرنامەیەکی راستەوخۆی تەلەڤزیۆنییدا، ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئاییندە گوتی: "پوورێکم هەیە تەمەنی 90 ساڵە؛ گوتبووی باشە چۆن دەکرێت دەنگ بە ئەحمەدی خۆمان بدەین؟ ئەو بە درێژایی ژیانی دژی جەهەپە بووە".
داودئۆغڵو باسی لەوە کرد کە بەر لە بەشداریکردنی لەو بەرنامەیەدا سەردانی ئەو پوورەی کردووە کە خوشکی باوکییەتی و ئەو پرسیارەیان لێکرد کە ئایا "پوورت جەختی لەوە کردەوە کە دەنگ بە جەهەپە نادات؟" داودئۆغڵو گوتی: "بەڵێ، بێگومان وای گوت".
رۆژی 5ی ئایاری 2018 بە دەستپێشخەریی کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی جەهەپە و بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا، هاوپەیمانیی میلـلەت لەنێوان جەهەپە، ئیی پارتی، پارتی سەعادەت و پارتی دیموکرات دامەزرا. رۆژی 26ی کانوونی دووەمی 2023 بە فەرمیی هەریەک لە پارتی ئاییندە و پارتی دەڤا بوونە ئەندامی هاوپەیمانیی میلـلەت و ژمارەی ئەندامانی هاوپەیمانییەکە بووە شەش. کڵچدارئۆغڵو بووە بەربژێری ئەو هاوپەیمانییە و رکابەریی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەکات بۆ بوون بە سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە.
ئەحمەد داودئۆغڵو بۆ ماوەی چەندین ساڵ کەسایەتییەکی دیاری نێو ئاکپارتی بوو و چەندین پۆستی هەبوو، دیارترینیان سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوە.
بڕیارە رۆژی 14ی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی لە تورکیا بەڕێوەبچێت و ئێستاش بانگەشەکان چڕبوونەتەوە.
ئەحمەد داودئۆغڵو کێیە؟
- 26ی شوباتی 1959 لەدایکبووە
- 1984 خوێندنی لە زانکۆی بۆغازیچی لە ئیستەنبووڵ تەواوکرد
- بەشەکانی ئابووری و سیاسەتی نێودەوڵەتی خوێندووە
- بڕوانامەی دکتۆرای لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بەدەستهێناوە
- 1990 لە زانکۆیەکی مالیزیادا وەک مامۆستا دەستبەکاربووە
- 1995 لە زانکۆکانی تورکیا درێژەی بە مامۆستایەتی داوە
- 3 خول پەرلەمانتاری ئاکپارتی بوو لە بازنەی کۆنیا
- 2003-2009 راوێژکاری کاروباری دەرەوەی سەرۆکوەزیران بووە
- 2009 بووە وەزیری دەرەوەی تورکیا
- 2009 بووە وەزیری دەرەوەی تورکیا
- 2014-2016 سەرۆکوەزیرانی تورکیا بوو
- 13ی ئەیلوولی 2019 دەستی لە ئاکپارتی کێشایەوە
- 19-12-2019 پارتی ئاییندەی راگەیاند و بووە سەرۆکی پارتەکە
- خێزاندارە و باوکی 4 منداڵە
- زمانەکانی ئینگلیزی، ئەڵمانی و عەرەبی بە باشی دەزانێت