کۆمپانیایەکی ئامەد 48%ـی هەناردەی بۆیەی قژی تورکیا پێک دەهێنێت


رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای لیلافیکس، ئەمڕۆ شەممە 25-4-2026، لە پارێزگای ئەنتاڵیای تورکیادا 12مین فێستڤاڵی لیلافێستی دەستپێکرد. 
 
لیلافیکس یەکێک لە کۆمپانیا بەهێزەکانی جوانکارییە کە بنکەکەی لە ئامەدی باکووری کوردستانە و لق و نوێنەرایەتیی لە زۆربەی شارەکاندا هەیە. ئەو کۆمپانیایە ئێستا لە ئەنتاڵیا بەرهەمەکانی نمایش دەکات.
 
ئەم فێستڤاڵە تاوەکو 28ی مانگ بەردەوام دەبێت و کۆمپانیاکە زیاتر وەکو "کەیف و خۆشی" ئەم چالاکییە دەکات.
 
عەممار کە خەڵکی حەلەبە و یەکێکە لە چاودێرانی فێستڤاڵەکە، بە رووداوی گوت: "ئیمە ساڵانە ئەم فێستڤاڵە بەڕێوەدەبەین. ماوەی 12 ساڵە ئەو فێستڤاڵە بەڕێوەدەچێت. نوێنەرایەتیمان لە زۆربەی وڵاتانی جیهان هەیە. مەبەستمان لەم فێستڤاڵە دیدارمانە لەگەڵ کڕیارانمان، بەڵام لە کەشێکی خۆش و پڕ لە چالاکیدا. بێگومان ئەمە وزەیەکی نوێ بە کارەکەمان و خزمەتخوازانیشمان دەدات".
 
عەممار لەبارەی چالاکیی لیلافیکست لە وڵاتەکەی خۆیدا گوتی: "بێگومان ئێمە لەگەڵ تەواوی بازاڕەکانی جیهان کار دەکەین. سووریا یەکێک لەو بازاڕە گەورانەی جیهانە کە کاری لەگەڵدا دەکەین. بێگومان بازرگانیمان لەگەڵیان بەردەوامە و پەنابەخوا لە داهاتووێکی نزیکدا لە سووریاش بە شێوازێکی دی دەردەکەوین و هەنگاوی جیاواز دەنێین".
 
"لە هەمان کاتدا فێستڤاڵ و پشووە"
 
فێستڤاڵەکە لەلایەن کۆمپانیای لیلافیکس کراوەتەوە و لە ناوچەی بەلەک لە پارێزگای ئەنتاڵیا بەڕێوەدەچێت. بەگوێرەی ئەو پلانەی کۆمپانیاکە دایڕشتووە، ئەم فێستڤاڵە وەکو جەژن و سەیران بەڕێوەدەچێت. بۆیە لە شوێنێکی گەشتیاری بەڕێوەدەچێت. هاوکات لەگەڵ فێستڤاڵەکەدا چالاکیی جۆراوجۆری وەرزشی و گەشتیاریش بەڕێوەدەچن.
 
 محەممەد جانسز، سەرۆکی کۆمپانیای لیلافیکس بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە کڕیار و میوانانی نێوخۆ و دەرەوەی وڵاتی لیلافێست لە کەشێکی جەژن، سەیران و خۆشیدا کۆدەکەینەوە. گفتوگۆیان لەگەڵدا دەکەین و گوێیان بۆ دەگرین. دواتریش قسە لەسەر ئەوە دەکەین کە لە داهاتوودا دەتوانین چی بکەین بۆ ئەوەی رەزامەندیی زیاتری ئەوان بەدەست بهێنین. بۆ نموونە پێیان دەڵێین، پێویستیان بە چییە و دەتوانین چیان بۆ بکەین؟ هاوکات وەکو پشووێکی خێزانی لێرە کات بەسەر دەبەین".
 
لەبارەی بەرهەمی ئەمساڵ و نوێی کۆمپانیاکە، محەممەد جانسز گوتی: "ئێمە هەموو ساڵێ بە چەپکێک بەرهەمی نوێوە پێشوازی لە کڕیارانمان دەکەین. بەهۆی ئەوەی ئێمە دەزانین ئیدی لەم سەردەمەدا مرۆڤەکان دەبێت بەوپەڕی خێراییەوە پێویستییەکانیان بۆ بەردەست بکرێت، ئێمە کاری بۆیەی قژمان بۆ تەنیا 10 خولەک کورت کردەوە. واتا بۆیەیەکی قژمان دروستکردووە کە ماوەی بۆیەکردن لە 30-40 خولەکەوە بۆ 10 خولەک کورت دەکاتەوە".
 
"خەڵک سەرقاڵە و کاتی نییە؛ ماوەکەمان لە 40 خولەکەوە بۆ 10 خولەک دابەزاند"  
 
یەکێک لەو بابەتانەی محەممەد جانسز هەڵوەستەی لەسەر کرد، کاتی بۆیەکردنی قژە. 
 
جانسز رایگەیاند، ئەوان بیریان لە گرنگیی کات بۆ کڕیارانیان کردووە و گوتی: "ئێمە کاتی چاوەڕوانی بۆ کورتترین دادەبەزێنین. چونکە خەڵک کاتەکانی بە کاری رۆژانە، خوێندن و قوتابخانە، خێزان و زۆری دیکە دەدات. هەر بۆیە زۆر بەرگەی ئەو چاوەڕوانییە زۆرە ناگرێت. خۆتان دەزانن لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا خێرایی تێپەڕاندنی بابەت و کردنەوە بابەتی نوێ بووەتە سێ چرکە. ئێمەش ماوەی چاوەڕوانیمان لە 40 خولەکەوە بۆ 10 خولەک دابەزاند".
 
"پاکێجی بۆ خۆم و هاوژینەکەم"
 
محەممەد جانسز باسی جیاوازیی نێوان ژنان و پیاوانی کرد و لە وەڵامی پرسیار (ئایا بەرهەمتان بۆ پیاوانیش هەیە؟) گوتی: "بێگومان پیاوان بەراورد بە ژنان بەو رێژەیە بەرچاوە بەرهەمەکانی ئێمە بەکارناهێنن. ئامانجی سەرەکیی ئێمە ژنانن، بەڵام پیاوان فەرامۆش ناکەین. ئەو بۆیە ئێکسپرێسەی باسم کرد، لەسەر دەستت رۆی دەکەیت و لە قژتی دەدەیت، سەیرکەن منیش بەکارم هینا، دوای 10 خولەک بیشۆ و بڕۆ. ئەمە بۆ پیاوان بەرهەمێکی رزگارکەرە. بەڵێ ئێمە ئەوانیش پشتگوێ ناخەین".
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی شەوکەت هەرکی، نێردراوی تۆری میدیایی رووداو لە ئەنتالیا، ئەو کۆمپانیایە بەرهەمەکانی دەنێرێتە نزیکەی 50 وڵات.
 
کۆمپانیای لیلافیکس بۆ جوانکاری لە ساڵی 2003 لە ناوچەی پیشەسازیی ئامەد دامەزراوە و ئێستا لەسەر ئاستی ئەورووپادا گەورەترین بەرهەمهێنەری بۆیەی قژە. 
ئەو کۆمپانیایە بە تەنیا 48٪ی هەناردەی بۆیەی قژی تورکیا پێکدەهێنێت و بەرهەمەکانی بۆ 55 وڵات هەناردە دەکات.