وەزیری ناوخۆی تورکیا لەبارەی دۆسیەی گوڵستان دۆکو: سەیری فرمێسکی چاوی کەس ناکەین


رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ناوخۆی تورکیا لەبارەی دۆسیەی بێسەروشوێنبوونی گوڵستان دۆکو، خوێندکاری زانکۆی دێرسیم رایگەیاند، دۆسیەکە بە هاوئاهەنگی لەلایەن پارێزگار، بەڕێوەبەری ئاسایش و داواکاری گشتییەوە کارى لەسەر کراوە و بێ ئەوەی سەیری فرمێسکی چاوی هیچ کەسێک بکەن، تاوانبار بە سزا دەگەیەنن. 
 
رۆژی شەممە 25-4-2026، مستەفا چفتچی، لە ئیستەنبووڵ لەگەڵ نوێنەرانی دەزگاکانی راگەیاندن کۆبووەوە و وەڵامی پرسیارەکانی دانەوە. چفتچی زانیاریی گرنگی لەبارەی چالاکییەکانی وەزارەتەکەی خستەڕوو و ئاماژەی بەوە کرد، پێناسەی تاوانبار لە جیهانی دیجیتاڵیدا گۆڕاوە و مۆدێلێکی نوێی ئاسایشی وەزارەتەکەی راگەیاند. 
 
"ئاکپارتی تاوانی بکەر نادیاری نەهێشتووە"
 
وەزیری باوخۆی تورکیا راشیگەیاند، لە سەردەمی کابینەکانی ئاکپارتیدا 97.2٪ی رووداوەکانی کوشتنی بە ئەنقەست ئاشکرا کراون و بەهۆی بەهێزبوونی بەشی بەرەنگاربوونەوەی تاوان، لە ساڵی 2023وە تاوەکو چارەکی یەکەمی 2026، هیچ رووداوێکی کوشتنی بکەر نادیار نەبووە.
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا هەروەها دەڵێ، بۆ بەدیهاتنی دادپەروەری لە دۆسیەی گوڵستان دۆکودا، هەموو تواناکانی دەوڵەتیان خستووەتە گەڕ و گوتیشی:"کاری لەپێشینە و سەرەکیمان لە دۆسیەکەدا، دەرخستنی راستییە بەبێ هیچ گومانێک؛ لەم چوارچێوەیەدا دەرکەوتووە ئوموت ئاڵتاش کە یەکێکە لە ناوە سەرەکییەکانی دۆسیەکە، لە رێگەی مەکسیکەوە بە قاچاخ چووەتە ئەمریکا. ئێمە دەستبەجێ ئەومان خستە لیستی سووری داواکراوانەوە.
 
"لێکۆڵینەوە لە پارێزگاری پێشووی دێرسیم دەکرێت"
 
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، بە فەرمانێک کە رۆژی 17-4-2026 دەریانکردووە، پشکنەرانی وەزارەتیان راسپاردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکانی (شاردنەوەی بەڵگە) لەلایەن تونجای سۆنەل، پارێزگاری ئەو کاتەی دێرسیم؛ کە دواتر لە کارەکەی دوورخرایەوە و لەلایەن دادگەوە بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرچوو و خرایە زیندانەوە.
 
"سەیری فرمێسکی چاوی کەس ناکەین"
 
چفتچی گوتی: "دۆسیەکە بە هاوئاهەنگی لەلایەن پارێزگار، بەڕێوەبەری ئاسایش و داواکاری گشتییەوە کارى لەسەر کراوە. واتە دام و دەگاکانی ئاسایش و دادوەریی دەوڵەت دەستبەکارن. ئەگەر پشکنەرەکانمان دەستی هەر کەسێک یان کەمتەرخەمیی هەر کەسێک لە دۆسیەکەدا بدۆزنەوە، بەبێ ئەوەی سەیری فرمێسکی چاوی کەس بکرێت، ئەو کەسانە رادەستی دادگە دەکرێن".
 
پێشتر وەزیری دادیش قسەیەکی هاوشێوەی کرد و گوتی: "لێکۆڵینەوە لەبارەی پارێزگار و قایمقامەکان لەلایەن سەرۆکایەتیی داواکاری گشتییەوە بەڕێوەدەچێت. لە یاسادا سەیری ئەوە ناکرێ کەسەکە سیاسییە، پارێزگارە یان سەرۆکی شارەوانییە. تاکە ئامانجمان ئەوەیە ئەو کچە ببێتە خاوەنی گۆڕێک، خێزانەکەی بچنە سەر گۆڕەکەی و نزا بکەن. هەروەها تاوانبارانیش بە سزای خۆیان بگەن."
 
"257 داواکراو رادەستی تورکیا کراونەتەوە"
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا هەروەها پەنجەی خستە سەر بابەتی رادەستکردنی ئەو تۆمەتبارانەی لەلایەن دەوڵەتەوە داوا دەکرێن. بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، لە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵدا 257 تاوانبار گەڕێندراونەتەوە بۆ تورکیا.
 
لەمبارەیەوە چفتچی گوتی: "لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2026دا، 219 کەسی بیانی کە لەلایەن 39 وڵاتەوە داواکراوی لیستی سوور بوون، لە تورکیا دەستگیرکراون. هەروەها 257 کەس کە لەلایەن تورکیاوە داواکرابوون و لە 30 وڵاتی جیاواز بوون، رادەستی تورکیا کراونەتەوە. لەکاتێکدا 58یان سەرۆک یان ئەندامی رێکخراوی تاوانکاری بوون".
 
وەزیری داد: تەرمی گوڵستان و چەکی تاوانەکەش دۆزرانەوە
 
ئاکن گورلەک رۆژی 22-4-2026 لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزۆنیدا رایگەیاند، گرێکوێرەی لێکۆڵینەوەکان لە رێی گەواهیدەرێکی نهێنییەوە کرایەوە و گوتی:" گەواهیدەرەکە نهێنیی شوێنی تەرمی گوڵستان دۆکوی ئاشکرا کرد و تیمەکان گەیشتنە ئەوێ. هەروەها ئەو چەکەی تاوانەکەی پێ کراوە لەگەڵ تەرمەکەدا شارداوەتەوە. بەهۆی ئەوەی چەکەکە ماوەیەکی درێژ لەژێر خاکدا ماوەتەوە، ژەنگی هێناوە. کاتێک بەڵگەکان لەگەڵ گوتەی ئەو گەواهیدەرە یەکیانگرتەوە، راپۆرتی فەرمی ئامادە کرا".
 
ئەوانەی لە دۆسیەی گوڵستان دۆکو دەستگیرکراون
 
رۆژی 14-4-2026 لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی گوڵستان دۆکو، فەرمانی دەستبەسەرکردنی 14 کەس لە 7 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان دەرچوو، لە ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە، بوڕسە، ئیزمیر، ئەنتالیا، خارپێت و دێرسیم ئۆپەراسیۆن ئەنجامدرا 13 کەس دەستگیرکران.
 
لە نێو دەستگیرکراوەکاندا ئەم کەسانە هەبوون:
 
مستەفا تورکای سۆنەل، کوڕی تونجای سۆنەل (پارێزگاری ئەو کاتەی دێرسیم و پشکنەری ئێستای وەزارەتی ناوخۆ)؛ 
زەینەل ئەباکارۆڤ، گومانلێکراوی سەرەکی و خۆشەویستی پێشووی (گوڵستان) دۆکو
ئەنگین یوچەر، زڕباوکی ئەباکارۆڤ کە پێشتر پۆلیس بووە؛
جەمیلە یوچەر، دایکی؛
ئەردۆغان ئەڵاڵدی، کارمەندی ئیدارەی تایبەتی پارێزگای دێرسیم
شوکری ئەرۆغڵو، پاسەوانی تونجای سۆنەلی پارێزگاری ئەو کاتەی دێرسیم
ئوغورجان ئاچکگۆز، هاوڕێی نزیکی مستەفا تورکای سۆنەل
گۆکهان ئەرتۆک، پۆلیسێکی پێشوو کە لە کارەکەی دوورخراوەتەوە
 
چوار بەرپرسی کامێرای چاودێریی زانکۆی مونزوری دێرسیم؛
ساڤاش گولتورک
سولەیمان ئۆناڵ 
جەلال ئاڵتاش
نورشەن ئاریکان 
 
چی روویدابوو؟
 
گوڵستان دۆکو، کچە کوردێکی خەڵکی ئامەد بوو و لە زانکۆی دێرسیم دەیخوێند. لە 5ـی کانوونی دووەمی 2020، کاتێک تەمەنی 21 ساڵ بوو، دوای دەرچوونی لە بەشی ناوخۆیی زانکۆکە بێسەروشوێن بوو.
 
رۆژی سێشەممە، 14ـی نیسانی 2026، دۆسیەکە وەرچەرخانێکی نوێی بەخۆیەوە بینی و 15 کەس دەستبەسەرکران. 
 
هەتا ئێستا 12 لە دەستبەسەرکراوەکان بە بڕیاری دادگە خراونەتە زیندانەوە و دووانی دیکەش بە مەرجی دادوەری ئازادکراون، لێکۆڵینەوەکان هێشتا بەردەوامن.