یەسەپە هەڵوێستی کۆتایی لەبارەی گەڕی دووەمی هەڵبژاردن ئاشکرا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی ناوەندی بڕیار و بەڕێوەبردنی پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە و پارتی چەپی سەوز - یەسەپە ئێوارەی چوارشەممە کۆبوونەوەیەکی نائاساییان کرد و بڕیاریان دا رۆژی پێنجشەممە دوایین هەڵوێستی خۆیان سەبارەت بە هەڵبژاردنی گەڕی دووەمی سەرۆکایەتیی کۆمار رابگەیێنن.
لە راگەیێندراوێکدا کە لەدوای کۆبوونەوەکە لەلایهن هەدەپەوە بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە کە لەسەر بنەمای ئەو کێشانەی توركیا پێیدا تێدەپەڕێت، چەند بابەتێک هەن لەڕووی دیموکراسی و یاساوە لەگەڵ پرهنسیپە جیهانییەکان ناگونجێن و سیاسەتی قەییوم کە یاسای هەڵبژاردنەکان، ئیرادەی خەڵک و دیموکراسیی خۆجێیی لەناوبردووە، لە سەرووی ئەم بابەتانە دێت.
ئاماژە بەوەش کراوە، "دانانی قهیوم کە ئیرادەی خەڵک زەوت دەکات لەڕووی دیموکراسی و یاساوە قبووڵکراو نییە"، له راگهیێندراوهكهدا ههروهها هاتووە، "ئەو خاڵانەی پەیوەندییان بەم پرسەوە هەیە لەو پرۆتۆکۆلەی بەڕێز کڵچدارئۆغڵو رایگەیاند، لەگەڵ پرهنسیپەکانی دیموکراسیی جیهانی یەکناگرێتەوە. هەڵوێست و رەخنەمان روون و ئاشکرایە. جێبەجێکردنی قەیوم نەک تەنیا لە دیاربەکر، بەڵکو لە ئیستەنبووڵ و بەشێوەیەکی گشتی کێشەی هەموومانە."
لە راگەیێندراوەکەدا باس لەوەشکراوە، پرسی خەبات لەپێناو دیموکراسی، یاسا و دادپەروەری بە پێداگرییەوە بەردەوام دەبێت و هەروەها هاتووە، "ئاگاداری ئەو یارییانەین کە دەکرێت و ئەو تەڵانەی لەبەردەم هەڵبژاردنی 28ی ئایار دانراون. پرۆسەکە بۆ وڵاتەکە وەکو گشتپرسییەکی لێهاتووە."
هەدەپە و یەسەپە هەروەها جەختیان کردووەتەوە، "ئەو هەڵسەنگاندنەی ئەمڕۆ دەستمان پێکردووە لەگەڵ پێکهاتەکان و رێکخستنەکانی پارتەکانمان بەردەوامی پێدەدەین. لە ئەنجامی هەڵسەنگاندنەکانمان، رۆژی پێنجشەممە بڕیاری کۆتاییمان و راگەیێندراومان سەبارەت بە هەڵوێستمان لە هەڵبژاردنەکان بۆ خەڵکەکەمان رادەگەیێنین."
ئەو راگەیێندراوەی هەدەپە و یەسەپە لە کاتێکدایە کە لە گەڕی یەکەمدا یەسەپە بە تەواوی پشتگیری لە کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت کردبوو و کڵچدارئۆغڵو بەرزترین رێژەکانی دەنگی لە پارێزگاکانی باکووری کوردستان بەدەستهێنا، بەڵام دوای ئەوەی رۆژی چوارشەممە 24-05-2023 ئومیت ئۆزداغ، سەرۆکی گشتیی پارتی زافەر کە سەرۆکایەتیی هاوپەیمانیی ئاتا دەکات و بەربژێرەکەی لە گەڕی یەکەمدا 5.1%ی دەنگەکانی بردووەتەوە، پشتگیریی خۆی بۆ کڵچدارئۆغڵو راگەیاند. ئەوەش دوای کۆبوونەوەیەکی کڵچدارئۆغڵو و ئۆزداغ هات. ئۆزداغ و پارتەکەی سیاسەتێکی نەتەوەپەرستانەیان هەیە و لە پرسی کورددا زۆرجار هێرشیان کردووە.