هاوسەرۆکی دەم پارتی: داواکاریی هاوڕێیانمان لە گرتووخانە بەدیهاتنی ئاشتییە
رووداو دیجیتاڵ
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند، تەواوی ئەو هاوڕێیانەیان کە لە گرتووخانە دەستبەسەرن و ئەوانەش کە زیندانی سیاسین، داواکاری و چاوەڕوانییان بەدیهاتنی ئاشتییە.
لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا کە رۆژی سێشەممە 24-6-2025 لە پەرلەمانی تورکیا بەرێوەچوو تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) گوتارێکی پێشکێشکرد.
لە بەشێکی گوتارەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە سەرەڕای ئاستەنگ و کێشەی زۆر، ئێستا باسی ئاشتی دەکرێت و گوتی:"داواکاریی هەموو هاوڕێیانمان لە گرتووخانە و تەواوی زیندانیانی سیاسی ئەوەیە کە چی زووە ئەم ئاشتەواییە بەدی بێت و وڵات و ناوچەکەمان بە ئارامی بگەن".
هاوکات بە پێویستی زانی حکومەت واز لە دانانی قەییوم بهێنێت و گوتی:"ئەگەر دادگە ئێستا ئەو هەموو هەڵبژێردراوە بخاتە گرتووخانەوە، هەروەها ئەو هەموو خەڵکە بە هۆی بۆچوونی سیاسییەوە لە گرتووخانەکاندا دەستبەسەر بکات، کەواتە شتانێک نائاسایی بەرێوەدەچن. چی زووە دەبێت دادگە واز لەوە بهێنێت کە لە زەمینەی سیاسی کاری پێبکرێت، بەڕاستی دەبێت یاسا کاری خۆی بکات".
پرۆسەی چارەسەری، رۆژی 1-10-2024 بە سەردانیی دەولەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) بۆ فراکسیۆنی دەم پارتی دەستیپێکرد و گەیشتە ئەوەی بە بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) گەیشتە بریاری چەکدانان.
هەرچەندە هەنگاوەکانی سستن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ پاشەکشەیەک لە پرۆسەکەدا نییە. ئێستا بەرپرسانی حکومەتی تورکیا چاویان لە هەنگاوی کردەیی چەکدانانی پەکەکەیە. بەرپرسانی پەکەکەش چاوەڕێن حکومەت هەنگاوی متمانەبەخش بنێت.