مێژوونووسێکی تورک داوای نیشتەجێکردنی "تورکەکانی ئاسیا" لە باکووری کوردستان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی دەم پارتی بە تووندی وەڵامی پێشنیازی مێژوونووسێکی دیاری تورکیای دایەوە کە داوای کردبوو "تورکەکانی ئاسیا" لە گوندە چۆڵکراوەکانی حەوزی فورات و دیجلە نیشتەجێ بکرێن و گوتارەکەی بە "رەگەزپەرستانە" و "دژە ئاشتی" ناوبرد.
پرۆفیسۆر دکتۆر ئیلبەر ئۆرتایلی، مێژوونووسی ناسراوی تورک، لە گوتارێکیدا کە رۆژی یەکشەممە، 24-08-2025، لە رۆژنامەی "حورییەت" بڵاویکردەوە، وەک چارەسەرێک بۆ قەیرانی ئاو و وشکەساڵی، پێشنیازی کرد "ئەو گوندانەی لە حەوزی فورات و دیجلە چۆڵبوون، بەو خزمانەمان پڕبکرێنەوە کە لە ئاسیا دەژین".
لە کاردانەوەیەکدا، ئەمڕۆ دووشەممە 25-08-2025، مەراڵ دانش بێشتاش، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی ئەرزەڕۆم، رایگەیاند، ئەو گوتارە "رەگەزپەرستانەیە و کەرامەتی مرۆڤ پێشێل دەکات."
بێشتاش لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئەوەی لەبری چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان، گەلان وەک بابەتی 'گواستنەوەی دانیشتووان' ببینرێت، بە ئاشکرا تێڕوانینێکی رەگەزپەرستانەیە. جوداخوازی، خودی ئەم گوتار و تێڕوانینە رەگەزپەرستانەیەیە."
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوانەی ئەم جۆرە لێدوانانە دەدەن و خۆیان بە "کەسانی ژیر" دەزانن، یەکسانی و برایەتیی گەلان رەتدەکەنەوە.
ئیلبەر ئۆرتایلی لە گوتارەکەیدا نووسیویەتی: "شەڕی ئاو لە شەڕی نەوت گرنگترە". بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی پێشنیازی کردووە، "پێویستە جووتیارە کارامەکانی ناوچەی ئویگور و قرغیزە شارەزاکانی بواری ئاژەڵداری بهێندرێنە تورکیا و لەم خاکەدا چالاکی بنوێنن."
هەروەها ئۆرتایلی داوای کردووە فرۆشتنی زەویوزار لە "دۆڵی رووها" (پارێزگای ئورفا) بە بیانییەکان رابگیرێت و ئەو زەوییانەی فرۆشراون وەربگیرێنەوە، چونکە "رێگە بە سەرمایەی بیانی لەو ناوچەیەدا نادرێت".
بەرامبەر بەمە، مەراڵ دانش بێشتاش جەختی کردەوە کە پێشنیازی "نیشتەجێکردنی تورکە ئۆیغوورەکان" لە حەوزی فورات و دیجلە، "رەتکردنەوەی راستییەکان و شێواندنی مێژووە".
بێشتاش گوتی: "چارەسەریی راستەقینە، پاراستنی ئیرادە و کولتوور و مافی ژیانی گەلانە. ئاشتی بە سەپاندن دروست نابێت، بەڵکو بە دادپەروەری دادەمەزرێت."