لەیلا زانا لەبارەی بێشکچی: هێشتا زۆر پێویستمان بە خامەکەی هەیە
رووداو دیجیتاڵ
سیاسەتڤانی دیاری کورد لەیلا زانا لە ئامەدی باکووری کوردستان سەردانی ئیسماعیل بێشکچیی کرد.
لەیلا زانا رۆژی شەممە 25-10-2025 لە نەخۆشخانە سەردانی بێشکچیی کرد و لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام وێنەکەی بڵاویکردەوە.
لەیلا هەروەها نووسیویەتی: "پرۆسەی چارەسەریی ئیسماعیل بێشکچیی خۆشەویست، کە هێشتا زۆر پێویستمان بە خامەکەیەتی، لە ئامەد بەرەو باشی دەڕوات".
ئەو سیاسەتڤانە هەروەها دەڵێت: "دوای ساڵانێک بە دیداری 'مامۆستا زەردەی کوردان' گەیشتین و هیوای چاکبوونەوەمان بۆی خواست. هیچ گومانیشمان لەوە نییە کە ئەم دۆخە تێدەپەڕێنێت".
چی روویدابوو؟
لەکاتێکدا بەشداری لە نۆیەمین فێستڤاڵی سینەمای ئامەد کردبوو، رۆژی 27-9-2025 ئیسماعیل بێشکچی تەندروستی تێکچوو و بەپەلە گەیێندرایە نەخۆشخانە.
ئەو رۆژە دووەمین رۆژی فێستڤاڵەکە بوو و یەکێک لەو بەرهەمانەی لە بەرنامەدا بوو، بایۆگرافیای (ئیسماعیلی ئێمە) بوو، کە تایبەت بوو بە ژیان و بەسەرهاتەکانی بێشکچی.
بێشکچی لەوکاتەی گوتاری پێشکێش دەکرد، تەندروستیی تێکچوو و کەوتە سەر زەوی. لە نەخۆشخانەی کۆلیژی پزیشکیی زانکۆی دیجلە خرایە ژێر چاودێری.
ئیسماعیل بێشکچی کێیە؟
- رۆژی 7-1-1939 لە پارێزگای چۆرومی تورکیا لەدایکبووە
- 1962 بەشی زانستە سیاسییەکانی لە زانکۆی ئەنقەرە تەواوکردووە
- 1965 دکتۆرای بەدەستهێناوە
- بەهۆی داکۆکیکردنی لە کورد 17 ساڵ زیندانی کراوە
- 1987 بۆ خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵ بەربژێر بوو
- زیاتر لە 35 کتێبی هەیە